سەردێڕ:

فەیسبووک بەرنامەیەکی نوێی راگەیاند

فۆتۆ: 
2020-05-16

16045 جار خوێندراوەتەوە

فەیسبووک بەرنامەیەکی نوێی لەژێر ناوی "ماسنجەر رومز" لەپێناو پەیوەندیی ڤیدیۆیی بەکۆمەڵ ڕاگەیاند، وەک هەوڵێک بۆ ئاسانکردنی خزمەتگوزاری پەیوەندیکردن لە ماوەی نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆنادا.

مارک زوکەربێرک، خاوەنی کۆمپانیای فەیسبووک لەسەر لاپەڕەی فەڕمی رایگەیاند، "لەگەڵ مانەوەی هەموومان لە ماوەی کەرەنتینەدا و لە ماڵەوە، پێویستمان بە شێوازێکی پەیوەندیکردنی ڤیدیۆییە کە وەک ئاو ڕوونبێت تا هەست بەوە بکەین بەڕاستی لەبەردەم ئەو کەسانەداین کە گرنگن بۆمان.

راشیگەیاندووە، کە تەواوی پەیوەندییە ڤیدیۆییەکانی پێشتر لەپێناو کاردا دیزاین کراون، نەک بۆ چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان، بەڵام لەم خزمەتگوزارییە نوێیەدا گرنگییان بە پەیوەندی و چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان داوە.

ئەو تایبەتمەندییەی کە "ماسنجەر ڕومز" جیادەکاتەوە ئەوەیە کە لە یەک کاتدا ٥٠ کەس بەبێ جیاوازی کات دەتوانن پەیوەندی ڤیدیۆیی بکەن، وە هەر کاتێک ئەم بەرنامەیە لەسەر فەیسبووک جێبەجێکرا، دوابەدوای ئەوە هەمان خزمەتگوزاری بۆ تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام زیاددەکرێت.

لە ٢٤ی نیسانی ئەمساڵدا فەیسبووک ئەم خزمەتگوزارییە نوێیەی ئاشکراکرد، ئەمەش دوای ئەوەی لەماوەی کەرەنتینەدا ئەپڵیکەیشنی "زووم" بەشێوەیەکی بەرفراوان بڵاوبووەوە لە جیهاندا، وەک جۆرێک لە ململانێ فەیسبووکیش "ماسنجەر رومز"ی بەرهەمهێنا.