سەردێڕ:

په‌روه‌رده‌ی هه‌ولێر ژمارەیەک بڕیاری نوێی دەرکرد

فۆتۆ: 
2020-05-13

21113 جار خوێندراوەتەوە

په‌روه‌رده‌ی ناوه‌ندی هه‌ولێر ڕایگەیاند، بەره‌چاوکردنى سه‌رجه‌م رێنماییه‌كانی خۆپارێزی ته‌ندروستیی ئه‌زموونه‌كان له‌ به‌رواری ١ى حوزەیران دەستپێدەکات و ١٥ی حوزەیران کۆتایی پێدێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، بەڕێوەبەرایەتی په‌روه‌رده‌ی ناوه‌ندی هه‌ولێر لە ڕاگەیندراوێکدا بڵاویکردەوە، ده‌سته‌ی كارگێری قوتابخانه‌ پێویسته‌ له‌ به‌رواری ٢٧ى ئایارى ٢٠٢٠،  به‌دواوه‌ له‌ قوتابخانەکاندا‌ ده‌وامبكه‌ن به‌ مه‌به‌ستی پێدانی زانیاریی پێویست به‌ قوتابیان، چونکە بەره‌چاوکردنى سه‌رجه‌م رێنماییه‌كانی خۆپارێزی ته‌ندروستی ئه‌زموونه‌كان له‌ به‌رواری ١ى حوزەیرانى ٢٠٢٠، بۆ سه‌رجه‌م قۆناغه‌كانی خوێندن ده‌ستپێده‌كات و تا ١٥ى حوزەیران بەردەوامدەبێت.

دەقى بڕیارەکان:

١-پێویسته‌ ڕێنمایی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌/ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ئه‌زموونه‌كان ژماره‌ (٢٠٢٨) له‌ ١٢ی ئایاری ٢٠٢٠ تایبه‌ت به‌ ئه‌زموونه‌كانی وه‌رزی دووه‌م به‌ ته‌واوی جێبه‌جێبكرێت .

٢-ره‌چاوی سه‌رجه‌م رێنماییه‌كانی خۆپارێزی ته‌ندروستیی له‌ كاتی ئه‌زموونه‌كاندا بكرێت .

٣-ئه‌زموونه‌كان له‌ به‌رواری ١ی ٦ی ٢٠٢٠ بۆ سه‌رجه‌م قۆناغه‌كانی خوێندن ده‌ستپێده‌كات كه‌ به‌ پێی ڕێنماییه‌كانی وه‌زاره‌ت ده‌كرێت تا به‌رواری ١٥ی ٦ی ٢٠٢٠ بەردەوامدەبێت، لێره‌دا و به‌مه‌به‌ستی كه‌م كردنه‌وه‌ی به‌ركه‌وتنی قوتابیان به‌ یه‌ك ده‌كرێت بازنه‌ی یه‌كه‌م كه‌ پۆله‌كانی (١ و ٢ و ٣) ده‌گرێته‌وه‌ له‌ قۆناغی بنه‌ڕه‌‌تیدا به جیا‌ چوار رۆژ تایبه‌ت بكرێت به‌ هه‌ڵسه‌نگاندنیان له‌ سه‌ره‌تای ئه‌زموونه‌كان یان كۆتایی كه‌ تێپه‌ر نه‌كات له‌ ١٥ی ٦ و نۆ رۆژ ئه‌زموونه‌كان بۆ خشته‌ی قۆناغه‌كانی تر داده‌نرێت .

٤- ده‌سته‌ی كارگێری قوتابخانه‌ پێویسته‌ له‌ به‌رواری ٢٧ی ئایار بەدواوە له‌ قوتابخانه‌ ده‌وام بكه‌ن به‌ مه‌به‌ستی پێدانی زانیارییه‌كانی پێویست به‌ قوتابیان.

٥-كات و خشته‌ و قۆناغی (وجبه‌) ئه‌زموونه‌كانی قوتابیان پێویسته‌ به‌ قوتابیان ڕابگه‌یندرێت له‌ رێگای تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و گروپه‌كان بڵاوبكرێته‌وه‌ و له‌ قوتابخانه‌ هه‌ڵبواسرێت .

٦-دوایین لاپه‌ره‌ی خوێندراو له‌ وه‌رزی دووه‌م له‌ هه‌ر بابه‌تێك پێویسته‌ بۆ قوتابیان دیاری بكرێت و له‌ گه‌ڵ خشته‌ی ئه‌زموونه‌كان بڵاوبكرێته‌وه‌ و (خوێندنی ئۆنڵاین داخڵ نییە).

٧-پێویسته‌ كارگێری قوتابخانه‌كان پرسیاره‌كانی ئه‌زموونی كۆتایی وه‌رزی دووه‌م به‌ هه‌ردوو خولیه‌وه‌ له‌ مامۆستایان وه‌ربگرێت و چاپ و ئاماده‌ی بكات .

٨-له‌ كاتی ئه‌زموونه‌كان پێویسته‌ ره‌چاوی ڕێنماییه‌كانی خۆپارێزی ته‌ندروستی قوتابیان بكرێت و نابێت شوێنی دانیشتنیان له‌ یه‌ك مه‌تر كه‌متر بێت له‌ گه‌ڵ دابینكردنی پێداویستییه‌كان.

٩-سه‌باره‌ت به‌ پۆلی نۆیه‌می بنه‌ڕه‌تی بۆ ئه‌م ساڵ ئه‌زموونی نشتیمانی ئه‌نجام نادرێت و وه‌ك پۆله‌كانی تر مامه‌ڵه‌یان له‌ گه‌ڵ ده‌كرێت به‌ڵام پێویسته‌ بۆردی نمره‌كانی ‌ ئه‌نجامی كۆتایی پۆلی نۆیه‌م به‌ ٤ وێنه‌ ئاماده‌بكرێت كه‌ وێنه‌یه‌كیان بۆ قوتابخانه‌ و ٣ وێنه‌ش بۆ په‌روه‌رده‌ی ناوه‌ند و گشتی و وه‌زاره‌ت كه‌ مۆر و واژووی له‌سه‌ر بێت ،وێنه‌یه‌ك له‌ سه‌ر سی دی.

١٠-پرسیاره‌كانی سه‌رجه‌م قۆناغه‌كان پێویسته‌ %٥٠ی هه‌لبژاردن بێت و %٥٠ی نوسینه‌كی.

١١-ڕێژه‌ی هه‌ژماركردنی نمره‌كان وه‌ك له‌ ڕێنماییه‌كانی وه‌زاره‌تدا هاتووه‌ %٢٠ هه‌ڵسه‌نگاندن و %٨٠ نوسینه‌كی كه‌ له‌ سیسته‌می E-parwarda به‌ هه‌مان شێوه‌ چاك ده‌كرێت له‌ كاتی تۆمار كردنی نمره‌كان .

١٢- ته‌واوی ڕێنماییه‌كانی ئه‌زموونی له‌ پشكنین و ووردبینی كردنی تێنووسه‌كان پێویسته‌ جێبه‌جێبكرێت .

١٣-پێویسته‌ ره‌چاوی باری ده‌روونی قوتابیان بكرێت كه‌ له‌ گه‌ڵ ئه‌م قۆناغه‌ بگونجێت .

١٤-بازنه‌ی یه‌كه‌م پێویسته‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی ٢٥ نمره‌ی بۆ بكرێت و جارانی ٣ بكرێت ئه‌گه‌ر هه‌ڵسه‌نگاندنی یه‌كه‌می‌ ٢٥ نمره‌ی هه‌بوو، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌ڵسه‌نگاندنی یه‌كه‌می نه‌بوو ئه‌م هه‌ڵسه‌نگاندنه‌ی كه‌ بۆی ده‌كرێت جارانی ٤ ده‌كرێت و رێژه‌ی ١٠٠ بۆ ده‌رده‌چێت.