سەردێڕ:

قائیمقامى هەولێر: پێشنیازمانکردووە هاتوچۆی نێوان پارێزگاکان ئاساییبکرێتەوە

ئەمڕۆ بڕیاری لەسەر دەدرێت
فۆتۆ: 
2020-05-10

35781 جار خوێندراوەتەوە

 قائیمقامى هەولێر ڕایگەیاند، پێشنیازیانکردووە هاتوچۆى نێوان پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان ئاسایی بکرێتەوە و ئەمڕۆش لەو بارەیەوە بڕیاردەدرێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە، ١٠ ى ئایارى ٢٠٢٠، نەبەزعەبدولحەمید قائیمقامى هەولێر بە ئێن ئاڕ تى ڕاگەیاند، "پاش ئەوەى بە شێوەیەکى بەرچاو ژیان ئاسایی بووەتەوە، پێشنیازمانکردووە هاتوچۆى نێوان پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان ئاسایی بکرێتەوە و ئەمڕۆش ژوورى ئۆپراسیۆنەکانى هەولێر لەوبارەیەوە بڕیاردەدات".

ئاماژەى بەوەشکرد، "هەموو شوێنەکان دەکرێنەوە، بەڵام هەندێک شوێن کاتی کارکردنیان بۆ دیاریکراوە یاخود هەندێک جۆرى کاڵا و خواردەمەنى قەدەغەکراوە کە نابێت لەم قۆناغەى ئیستادا بەکاربهێندرێت."

وتیشى، "لەم دۆخەى ئیستادا ئەگەر کافتریاکان بکرێنەوە ئەوا لە سەر پێشنیارى بەڕێوەبەرایەتى تەندروستى ڕێگە نادرێت بەو شوێنانەى تێیدا نێرگەلەى تێدا دەکێشرێت و هەرکەسیش پێشکەشى بکات سزاى یاسایى دەدرێت ".

دەشڵێت، "هۆڵە وەرزشیەکانیش دەکرێنەوە، بەڵام دەبێت پابەندى ڕێنماییە تەندروستیەکان بن و ڕۆژانەش تیمەکانى قائیمقامیەت چاودێرى دەکرێن".

ئەوەش لە کاتێکدایە، قەدەغەی هاتوچۆ  لە ١٤ی مانگی ئازارەوە لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەولێر راگەیەندرا، و دواتر پارێزگاکانی دیکەی گرتەوە، لەوکاتەشەوە هەشت جار قەدەغەی هاتوچۆ درێژکراوەتەوە.