سەردێڕ:

فەیسبووک دیزاین و تایبەتمەندی نوێ زیاد دەکات

فۆتۆ: 
2020-05-09

6291 جار خوێندراوەتەوە

کۆمپانیای فەیسبووک رایگەیاند، کۆمەڵە دیزاینێکی نوێیان بۆ ئەپی مۆبایل و هاوکات بۆ لاپتۆپیش ئامادەکردووە و بە تەواوی جیاواز دەبێت لە شێوازی جارانی فەیسبووک.

بەگوێرە هەواڵیکی ماڵپەڕی مەشابل، کۆمپانیای فەیسبووک بەشێوەی قۆناغ بە قۆناغ کۆمەڵێک گۆڕانکاری لە دیزاینی ئەپی مۆبایلی فەیسبووک و لاپتۆپدا کردووە و لە رۆژی پێنجشەممەی رابردووەوە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ماڵپەڕەکە لێدوانی لە کۆمپانیای فەیسبووک وەرگرتووە و رایگەیاندووە، لە دیزاینە نوێکەدا زۆر بە ئاسانی فیچەرەکانی وەکو ڤیدیۆ، یاری و گروپەکان دەدۆزرێنەوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، یەکێک لەو فیچەرانەی لە دیزاینە نوێکەدا جێیکراوەتەوە بریتییە لە کەشی تاریک "دارک مۆود" کە پێشتر بۆ مێسنجەر جێگیرکرابوو و ئیتر، لە فەیسبووکیشدا، هەروەکو تویتەر، کەشی تاریک بەردەست دەبێت.

هاوکات، دیزاینە نوێکە، کە تێیدا دروستکردنی ئیڤێنت، پەیج، گروپ و ریکلامەکان ئاسانترکراوەتەوە، بۆ ساڵانێکی زۆر لەگەڵ بەکارهێنەراندا دەمێنێتەوە.

کۆمپانیای فەیسبووک باسی لەوەشکردووە، بەکارهێنەران دەتوانن بگەڕێنەوە سەر دیزاینە کۆنەکەی فەیسبووک بەناوی (فەیسبوکی کلاسیکی – تەقلیدی)، بەڵام ئەوە کاتیی دەبێت و لە چەند مانگی داهاتوودا دیزاینە کۆنەکە بە تەواوی دیارنامێنێت.