سەردێڕ:

بۆچی لە هەندێک وڵات سکی مانگاکانیان کون دەکەن؟

فۆتۆ: 
2020-05-08

78403 جار خوێندراوەتەوە

ئەگەر لە ڕابردوودا ڤیدیۆی مانگایەکت بینیووە کە کونێک لە لایەکی سکیدایە، بە ئەگەرێکی زۆرەوە ئەو پرسیارەت لەلا دروستبووە کە ئەمە چییە؟ لە ڕاستیدا بەوە بەرهەمهێنانی خۆراک زیاد دەکرێت و گازە زیانبەخشەکانیش کەمدەکرێنەوە.

سەبارەت بەو کونەی دەکرێتە سکی مانگاکانەوە جەیمی نیوبۆڵد بەڕێوەبەری "Rural College"ی سکۆتلەندا لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ بی بی سی دەڵێت، "بەمە بەرهەمهێنانی خۆراک زیاددەکەین و گازە زیانبەخشەکانیش کەمدەکەینەوە."

ئەوەشی وتووە، بە گشتی جووتیار و توێژەرەکان بۆیە ئەم کارە دەکەن چونکە دەیانەوێت نموونە لە سکی مانگاکە وەربگرن و پاشان لێکۆڵینەوەی لەسەر بکەن، جگە لەمەش بەهۆیەوە مانگاکە لە گازە کۆبووەوەکان ڕزگاردەکەن، کە دەکرێت ببێتە هەڕەشە لەسەر ژیانی.

دەشڵێت، پرۆسەی کونکردنەکە لەژێر بەنجدا ئەنجامدەدرێت، هەرچەندە دەزانێت کە مانگاکانی کە وایان لێدەکرێت ئازاریان هەیە، بەڵام دوای ئەوەی کە چاک دەبنەوە زیاتر لەوانی دیکە دەژین.

ئەو توێژەرانەی بەم کارە هەڵدەستن، ئاماژە بەوە دەکەن، ئامانج لێی ئەوەیە تەندروستیی هەرسی ملیۆنان ئاژەڵ باشتر بکرێت و بەکارهێنانی دژەزیندەیی کەمبکرێتەوە، جگە لەمەش دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی دەردانی گازەکانی نیترەیت و میسان کە دەبنە هۆی گەرمبوونی زەوی.

شایەنی باسە، ئەم ڕێگایە لەلایەن چالاکانی بواری مافی ئاژەڵانەوە ڕەخنەی زۆری لێ گیراوە و وەک دەستکاریکردنێکی سروشتی ئاژەڵەکە تەماشادەکرێت.

ثقوب في كروش الأبقار