سەردێڕ:

توێژینەوەیەکی زانستی: خۆر کەمێک "بێزارە"

فۆتۆ: 
2020-05-01

10337 جار خوێندراوەتەوە

بەگوێرەی توێژینەوەیەکی زانستی، بە بەراورد بەو سەدان خۆرەی لە ناوچەکەی ئێمە لە گەردووندا هەن، خۆرە ناسراوەکەمان کە رووناکی بە زەوی دەبەخشێت کەمێک ناچالاکترە و توێژەران ئەو حاڵەتەیان ناوناوە "بێزاریی".

رۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاویکردەوە، بەگوێرەی توێژینەوەیەک کە لەلایەن پەیمانگای ماکس پلانکەوە کراوە و لە جۆرناڵی زانستدا بڵاوبووەتەوە، خۆرەکانی دیکەی ناوچەکەی ئێمە لە گەردووندا، پێنج هێندەی خۆرە ناسراوەکەی خۆمان کە سەرچاوەی ژیانە لەسەر زەوی، چالاکییان زیاترە.

لە توێژینەوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، رەنگە هاوسەنگیی لە چالاکیی خۆرە ناسراوەکەماندا هۆکاری پەیدابوون و بەردەوامبوونی ژیان بێت بەو شێوەیەی کە هەیە.

باس لەوەشکراوە، رەنگە هۆکاری کەمیی چالاکیی خۆرە ناسراوەکەی خۆمان بۆ ئەوە بگەڕێتەوە کە سوڕی هێزە ناوکییەکەی خۆر گەیشتبێتە لوتکە و لە ئێستادا بە سوڕی کەمبوونەوە "بێزاریدا" تێبپەڕێت.

هەر لە توێژینەوەکەشدا، زانایان هۆشدارییانداوە لەوەی رەنگە خۆر لە کەمکردنەوەی چالاکییەکانی بەردەوام بێت و دواجار بە مەرگی خۆی کۆتایی پێبێت، بەڵام بۆ ئەوە ملیاران ساڵی دیکە دەخایەنێت.

بەپێی تێگەیشتنی ئێستای زانست، تەمەنی گەردوونی هەستپێکراو نزیکەی ١٤ ملیار ساڵی سەرزەوییە و تەمەنی خۆر چوار ملیار و ٦٠٣ ملیۆن ساڵ و تەمەنی زەویش چوار ملیار و ٥٤٣ ملیۆن ساڵە.

هـ.ب