سەردێڕ:

ژاپۆن دەرمانێکی "مەترسیدار" بۆ چارەسەری کۆرۆنا بەکاردەهێنێت

فۆتۆ: 
2020-04-28

8675 جار خوێندراوەتەوە

حکومەتی ژاپۆن رایگەیاند، دەرمانی رێمدێسیڤیر لەسەر توشبووانی کۆرۆنا تاقیدەکاتەوە، سەرباری ئەوەی توێژینەوەیەک لەبارەی ئەو دەرمانەوە شکستی هێنا.

شینزۆ ئابی سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن لە کۆبوونەوەیەکی پەرلەمانی وڵاتەکەیدا رایگەیاندووە، دەرمانی رێمدێسیڤیر کە لە دروستکراوی کۆمپانیای جیلێد ساینسسی ئەمریکییە پەسەند دەکرێت بۆ چارەسەرکردنی توشبووانی کۆرۆنا.

وتوشیەتی، کۆمپانیای بەرهەمهێنەری دەرمانی رێمدێسیڤیر دەتوانن داوای مۆڵەتی فرۆشتنی دەرمانەکەیان لە ژاپۆن بکەن و لە ماوەیەکی نزیکدا وەڵامیان دەدرێتەوە.

ماڵپەڕی هەواڵیی کیۆدۆی ژاپۆنیش ئاشکرایکردووە، پێدەچێت لە مانگی ئایاری داهاتووەوە دەستبکرێت بە بەکارهێنانی دەرمانی رێمدێسیڤیر بۆ چارەسەرکردنی توشبووانی کۆرۆنا، بەوەش ژاپۆن دەبێتە یەکەم وڵاتی جیهان کە ئەو دەرمانە بۆ چارەسەری کۆرۆنا بەکاربهێنێت.

پێشتر توێژینەوەیەکی چینی لەبارەی کاریگەرییەکانی دەرمانی رێمدێسیڤیر لەسەر توشبووانی کۆرۆنا شکستی هێنا، توێژەرانیش رایانگەیاندبوو، "دەرمانەکە هیچ کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر توشبووانی کۆرۆنا نیە و ناتوانرێت وەک چارەسەر بەکاربهێنرێت".

تەندروستی جیهانی وردەکاری تاقیکردنەوەکەشی بڵاوکردەوە کە لە کۆی ٢٣٧ توشبووی کۆرۆنا، دەرمانی رێمدێسیڤیر بە ١٥٨ کەسیان دراوە، هەروەها ٧٩ کەسی دیکەش دەرمانی دڵخۆشکەر placebo یان پێدراوە.

ئەنجامی توێژینەوەکە دەریخستووە، ١٣.٩ی ئەو توشبووانەی کۆرۆنا کە دەرمانی رێمدێسیڤیریان لەسەر تاقیکراوەتەوە گیانیان لەدەستداوە، کە ئەو ڕێژەیە بەرزتربووە لەو توشبووانەی کە دەرمانی دڵخۆشکەریان پێدراوە کە ١٢.٨یان گیانیان لەدەستداوە.