سەردێڕ:

مەسرور بارزانی: بڕیاری بڕینی بەشە بودجەی هەرێم فشاری سیاسییە

فۆتۆ: 
2020-04-27

84710 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەبارەی بڕیاری راگرتنی بەشەبودجەی هەرێم لەلایەن حکومەتی بەغداوە رایگەیاند، بڕیارێکی نایاساییە و فشارێکی سیاسییە لە دژی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان.

ئەمڕۆ دووشەممە، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە دیدارێکیدا لەگەڵ جینین پلاسخارت نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق رایگەیاند، "نابێت حکومەتی فیدراڵی بابەتی موچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان وەکو کارتێکی سیاسی و سزادان لە دژی هاوڵاتیانی هەرێم بەکاربهێنێت، ئەمە دژی مافە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان و هاوڵاتیانی هەرێمە".

لەبارەی بڕیاری بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستانیشەوە لەلایەن بەغدا، کە پارەی نیوەی موچەی موچەخۆرانی هەرێمە ئەوەی خستەڕوو، "ئەو بڕیارە بڕیارێکی نایاساییە و فشارێکی سیاسییە لە دژی هاوڵاتیانی هەرێم".

روونیشیکردەوە، "هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم، سەردانی بەغدامان کرد و نیازپاکی خۆمان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە سەر بنەمای دەستور نیشاندا و چەندین پێشنیاریشمان بۆ چارەسەکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان خستەڕوو."

دەشڵێت، "لە کۆتایی ساڵی رابردوو، حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی گەیشتنە لەیەکگەیشتنێکی باش لە بارەی نەوت و شایستە داراییەکانی هەرێم بە جۆرێک کە حکومەتی هەرێم ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا بکات و حکومەتی فیدرالیش بڕی ٩٠٠ ملیۆن دۆلار وەک موچە و شایستەی دارایی بۆ هەرێم بنێرێت، بەڵام بەداخەوە دواتر کاربەدەستانی بەغدا ئامادەییان بۆ جێبەجێکردنی نەبوو".

لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا، ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە نوسراوی فەڕمی و بەهۆی رادەستنەکردنی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێم بە بەغدا، پارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق راگرت (بلۆک) کرد و رێگە بە هەرێم نادرێت ئەو پارەیە بۆ دابەشکردنی موچە بەکاربهێنێت و بەو هۆیەوە دابەشکردنی موچە دواکەوتووە.

تاوەکو ئێستا، حکومەتی هەرێمی کوردستان، موچەی مانگی یەکی ئەمساڵی دابەشنەکردووە و فەرمانبەرانیش زیاتر لە ٥٠ رۆژە موچەیان وەرنەگرتووە.

هـ.ئـ