سەردێڕ:

بەریتانیا ڤاکسینێکی نوێی کۆرۆنا تاقیدەکاتەوە

فۆتۆ: 
2020-04-22

3439 جار خوێندراوەتەوە

زانکۆی ئۆکسفۆرد لە بەریتانیا، سبەینێ ڤاکسینێک دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر مرۆڤ تاقیدەکاتەوە.

مات هانکۆک وەزیری تەندروستی بەریتانیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، سبەینێ پێنجشەممە تاقیکردنەوەی ڤاکسین دەستپێدەکات و حکومەتیش هەموو پێداویستیەک بۆ توێژەران دابیندەکات تا ڤاکسینەکە سەرکەوتووبێت.

وتیشی، حکومەت ٢٠ ملیۆن پاوەنی بۆ کەرتی تەندروستی وڵاتەکە دابینکردووە کە نزیکەی تەواوی ئەو بودجەیە بۆ تاقیگەکان تەرخاندەکرێت.

هاوکات ئاندرو پۆڵارد بەرپرسی توێژینەوەکەی زانکۆی ئۆکسفۆرد رایگەیاند، "ئەگەر کاریگەری ڤاکسینەکە سەلمێندرا ئەوا مانگی ئەیلولی داهاتوو ملیۆنان ڤاکسین بۆ بەکارهێنان ئامادەدەبێت و لە قۆناغەکانی دواتریشدا ڤاکسینەکە لەسەر هەموو تەمەنێک تاقیدەکرێتەوە".

زانایانی جیهان لە کێبڕکێدان بۆ دۆزینەوەی ڤاکسینێکی کاریگەر بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کاتێکدا ژمارەی توشبوون بەو ڤایرۆسە لە جیهاندا دوو ملیۆن و ٥٥٧ هەزار کەسی تێپەڕاندووە.

س.س