سەردێڕ:

زانایان: بە زووی ڤاکسینێکی سەرەتایی بۆ کۆرۆنا ئامادە دەبێت

فۆتۆ: 
2020-04-20

10709 جار خوێندراوەتەوە

ئەگەرچی ناوەندە زانستیەکانی دنیا ١٢ بۆ ١٨ مانگیان بۆ ئامادەکردنی ڤاکسینێکی تاقیکراوە بۆ کۆرۆنا دیاریکردووە، بەڵام سەرۆکی رێکخراوی زانست بۆ تەندروستی لە ماساچوسێس رایگەیاند، لەماوەیەکی نزیکدا ڤاکسینێکی سەرەتایی تایبەت بە کارمەندانی تەندروستی ئامادە دەبێت.

رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی بڵاویکردەوە، ماریان وێنتوۆرس، سەرۆکی رێکخراوی زانست بۆ تەندروستی لە ویلایەتی ماساچوسێس لە ئەمریکا رایگەیاندووە، "بێگومان ئامادەکردنی ڤاکسینێک بۆ کۆرۆنای نوێ کە بۆ تەواوی مرۆڤایەتی بەردەستبێت، ١٢ بۆ ١٨ مانگ دەخایەنێت، بەڵام ئامادەکردنی ڤاکسینێکی سەرەتایی (کە هێشتا لەژێر تاقیکردنەوەدا بێت) دەکرێت لە چەند هەفتەی داهاتوودا یاخود لە چەند مانگی داهاتوودا ئامادەببێت.

راشیگەیاندووە، ئەو ڤاکسینە سەرەتاییە تایبەت بەو کەسانە دەبێت کە زیاتر لە هەرکەسێکی دیکە لە مەترسیدان و لە هێڵی پێشەوەی روبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادان.

لەلایەکی دیکەوە، ئادریان هیڵ، پسپۆڕی بواری ڤاکسین لە زانکۆی ئۆکسفۆرد بە رۆژنامەی گاردیانی راگەیاندووە، هاوینی ئەمساڵ و پێش وەرزی پایز، ڤاکسینێکی سەرەتایی بۆ کۆرۆنای نوێ ئامادە دەبێت، بەڵام ڤاکسینێکی تاقیکراوە و بۆ هەمووان، بێگومان زیاتر لە ١٢ مانگی پێدەچێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە، بەشێوەیەکی ئاسایی، ئامادەکردنی ڤاکسین بە چەند قۆناغێک ئەنجامدەدرێت و سەرەتا لەسەر ئاژەڵان تاقیدەکرێتەوە. ئەگەر سەلمێندرا کە سەلامەتە و سیستمی بەرگری ئاژەڵەکە وەڵامی پێویستی پێکوتەکەی داوەتەوە، ئەوا بە سێ قۆناغ لەسەر مرۆڤ تاقیدەکرێتەوە و دواتر بۆ هەمووان بەردەست دەبێت.

هـ.ب