سەردێڕ:

وەزیری پەروەردە: ڕێگە نادرێت بە زۆر پارە لە قوتابیان وەربگیرێت

فۆتۆ: 
2019-11-11

15962 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری پەروەردە ڕایگەیاند، بەهیچ جۆرێک ڕێگە بە قوتابخانەکان نادرێت کەسوکاری قوتابی ناچار بکەن بۆ ئەوەی پارە بدەن بە قوتابخانەکان بۆ نۆژەنکردنەوە یان کڕینی پێداویستییەکان و هاوکاری کردنی قوتابخانەکان ئارەزوومەندانەیە.

ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێم بە ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاند، حکومەت ڕەزامەندی دەربڕیوە مانگانە پێنج ملیار دینار بۆ نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان خەرج بکات و ئەو پارەیە بۆ ئەو خوێندنگا و قوتابخانەکان خەرج دەکرێت کە پێویستیان بە نۆژەنکردنەوەیە یان بیناکانیان تەواو نەکراون و کارکردن تێیاندا ڕاگیراوە.

وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێم وتیشی، سەرۆکی حکومەتی ڕەزامەندی دەربڕیوە بۆ خەرجکردنی بڕی چوار ملیار دینار بۆ کڕینی نەوت بۆ قوتابخانەکان و زیاتریش لە سێ ملیار دیناریش دابینکراوە بۆ کڕینی کورسی خوێندن و پارەی دیکەش تەرخان کراوە بۆ کڕینی کەلوپەلی ناو خوێندنگەکان.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، کۆکردنەوەی کۆمەک بۆ قوتابخانەکان و کڕینی پێداویستییەکان ئارەزوومەندایە و بەپێی یاسا خوێندن لە هەرێمی کوردستان بە خۆڕاییە و نابێت پارە بە زۆر لە کەس وەربگیرێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە ئەمساڵ لە چەند خوێندنگایەک پارە لە خوێندکاران کۆکراوەتەوە و ئەمەش ناڕەزایی هەندێک لە دایک و باوکانی لێکەوتەوە.