سەردێڕ:

ڕۆژئاوای کوردستان.. هەشت ھاوڵاتی مەدەنی لە تەقینەوەیەکدا کوژران

ئوتومبێلێکی سەربازیی سوپای تورکیا لە ڕۆژئاوای کوردستان
فۆتۆ: میدیاکان
2019-11-10

2369 جار خوێندراوەتەوە

بەھۆی تەقینەوەی ئوتومبێلێکەوە، لە شاری گرێ سپی ڕۆژئاوای کوردستان ٨ ھاوڵاتی مەدەنی کوژران.

ئەمرۆ یەکشەممە، ١٠ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩، وەزارەتی بەرگری تورکیا ڕایگەیاند، بەھۆی تەقینەوەی ئوتومبێلێکەوە لە شاری گرێ سپی کە لەلایەن سوپای تورکیاوە دەستیبەسەردا گیراوە، بەلایەنی کەمەوە ٨ ھاوڵاتی مەدەنی کوژراون.

ھاوکات، ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس لە زاری وەزارەتی بەرگری تورکیاوە ئەوەی بڵاوکردووەتەوە، بەرپرسانی ئەو وڵاتە پەنجەی تۆمەت بۆ ھێزە کوردییەکان لەسەر ئەو ڕووداوی تەقینەوەیە درێژ دەکەن.

ئەوەشی بڵاوکردووەتەوە، "نزیک بە ٢٠ ھاوڵاتی دیکە لە تەقینەوەکەدا بریندار بوون".

نزیکەی مانگێک لەمەوبەر، سوپای تورکیا و گروپە چەکدارە نزیکەکان لە تورکیا ھێرشی سەربازییان بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان دەستپێکرد و لە ئەنجامدا، نزیک بە ٣٠٠ شەرڤانی ھێزەکانی سوریای دیموکرات شەھیدبوون و دەیان ھەزار ھاوڵاتی مەدەنیش ئاوارەبوون.