سەردێڕ:

خۆڵ و خاشاك وەک نه‌گبه‌تییەک بۆ ژینگه‌

فۆتۆ: 
2019-11-08

3168 جار خوێندراوەتەوە

بایه‌خدان بە دامەزراندنى پرۆژه‌ی ریسایكلین ‌تەنیا له‌به‌ر ده‌ستكه‌وتی ماددی نییه‌، بەڵكو له‌پێناو خزمه‌تكردنی جیهان و ژینگه‌ و خودی وڵاته‌كه‌یه‌.

خۆڵ و خاشاك، (نه‌گبه‌تی و پیسی ژینگه‌ و نه‌خۆشی) بۆ هه‌ندێك وڵات، وه‌ پاره‌ و داهات و وزه‌ بۆ هه‌ندێكی تر. له‌ ئێستادا پرۆسه‌ی ریسایكلین (واته‌ دووباره‌ به‌كارهێنانه‌وه‌ی خۆڵ و خاشاك و پاشماوه‌ی ماڵان) یه‌كێكه‌ له‌و پرۆژه‌ به‌سوود و گرنگانه‌ی كه‌ وڵاتانی پێشكه‌وتوودا بایه‌خی زۆری پێ ده‌درێت.

بایه‌خدان به‌م جۆره‌ پرۆژه‌یه‌ له‌به‌ر ده‌ستكه‌وتی ماددی نییه‌ به‌ ته‌نها، بەڵكو له‌پێناو خزمه‌تكردنی جیهان و ژینگه‌ و خودی وڵاته‌كه‌یه‌.

خۆڵ و خاشاك و پاشماوه‌ی ماڵانی هاوڵاتییان، له‌ وڵاتانی دواكه‌وتدا بۆته‌ مایه‌ی بێزاریی هاوڵاتییان و پیسی ژینگه‌ی وڵاته‌كه‌ و هه‌روه‌ها به‌فیڕۆدانی پاره‌، کە حکومەت تاکە کاری تەنها کۆکردنەوەی خۆڵەکەیە لە جێیەکی شارەکاندا بێ ئەوەی ئەو خۆڵ و خاشاک و پاشماوانە لەناوببات، یان بەکاربهێنرێتەوە، کە ئەمەش دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و پیسبوونی ژینگە.

به‌ڵام له‌ وڵاتانی پێشكه‌وتودا، پرۆسه‌كه‌ ته‌واو جیاوازه‌، ئه‌ویش به‌وه‌ی پرۆسه‌ی خاشاك كۆكردنه‌وه‌ له‌ ماڵانه‌وه‌ و دواتر گواستنه‌وه‌ی بۆ پرۆژه‌كانی ریسایكلین و دواتر دووباره‌ گۆڕینی ئه‌و خاشاكه‌ بۆ ماده‌كانی (كاغه‌ز، ئه‌له‌منیۆم، شوشه‌، قوماش و ماده‌ی تر)، بووه‌ به‌ پرۆژه‌یه‌كی بازرگانی و هه‌روه‌ها پرۆژەیەک بۆ خزمه‌تكردنی وڵات و ژینگه‌.

لە وڵاتێکی وەک تورکیا خۆڵ و خاشاک بە کار دێت بۆ بەرهەمهینانی وزە و کارەبا، کە ئێستا ئەو پرۆژەیە لە شاری ئەدەنە دەستبەکار بووە.

هەروەها به‌ پێهی توێژینه‌وه‌یه‌كی كۆمكاری وڵاتانی عه‌ره‌بی، ته‌نها له‌و وڵاتانه‌دا ساڵانه‌ ٩٠ ملیۆن ته‌ن پاشه‌رۆ و خاشاك به‌رهه‌م دێت، كه‌ زیانی پێنج ملیار دۆلاری له‌و وڵاتانه‌ داوه‌. به‌ واتایه‌كی تر، نه‌ك خۆڵ و خاشاك پێویستی به‌ پاره‌یه‌ بۆ كۆكردنه‌وه‌ و فرێدانی، به‌ڵكو پاره‌یش په‌یدا ده‌كات، كه‌ به‌هاكه‌ی له‌ وڵاتێكه‌وه‌ بۆ وڵاتێكی تر ده‌گۆڕێت به‌ڵام به‌ نزیكه‌یی به‌های یه‌ك تۆن پاشه‌رۆ ٥٥ بۆ ٧٥ دۆلاره‌ به‌ پێی ئابوری وڵاته‌كه‌.

له‌ هه‌رێمی كوردستان ساڵانه‌ دوو ملیۆن تەن خاشاكمان هه‌یه‌. ئه‌گه‌ر داهاتی یەک تۆن خاشاک به‌ ٦٠ دۆلاریش مه‌زه‌نده‌ بكرێت، ئه‌وا پێویست بوو ساڵانه‌ هه‌رێمی كوردستان بڕی ١٢٠ ملیۆن دۆلاری داهات ده‌ستبكه‌وتایه‌ له‌ كۆكردنه‌وه‌ی خۆڵ و خاشاك و دواتریش له‌ پرۆسه‌ی ریسایكلین. به‌ڵام له‌ هه‌رێم نه‌ك ئه‌مه‌ نه‌كراوه‌، به‌ڵكو ئێستا حكومه‌تی هه‌رێم بریاری داوه‌ هه‌مو ماڵێك ده‌بێت ٥،٠٠٠ دینار بدات له‌ بری فرێدانی خاشاك،

پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌م پاره‌یه‌ بۆ كێیه‌؟ وه‌ دواتر ئه‌و خاشاكه‌ چی لێ دێت ؟

به‌ پێی به‌دواداچونێكی ئێن ئار تی، ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ فرێدانی خاشاك سپێردراوه‌ به‌ چه‌ند كۆمپانیایه‌كی نزیك له‌ پارته‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان، به‌ جۆرێك له‌ سلێمانی كۆمپانیایه‌كه‌، وه‌ له‌ هه‌ولێر و دهۆك كۆمپانیای تری جیاوازه‌ (كه‌ هێشتا ئه‌وان له‌وێ ده‌ستبه‌كار نه‌بوون) هه‌روه‌ها دوای ئه‌وه‌ی كۆمپانیاكه‌ له‌ شاری سلێمانی ئه‌م خاشاكه‌ كۆده‌كاته‌وه‌ له‌ ناوچه‌ی تانجه‌رۆ، ئه‌وا خاشاكه‌كه‌ ده‌سوتێنێت و دوكه‌ڵه‌كه‌ی ده‌كرێته‌وه‌ به‌سه‌ر خه‌ڵكی سلێمانیدا. به‌ واته‌یه‌كی تر، حكومه‌ت له‌ رێی كۆمپانیایه‌كی تایبه‌ته‌وه‌ بڕی ٥،٠٠٠ دینار له‌ هه‌ر ماڵێك و ١٠ بۆ ١٥ هه‌زار دینار له‌هەر دوكانێک وەردەگرێت، تاوه‌كو دوكه‌ڵو پیسیو پاشماوه‌ی خاشاكه‌كه‌ بكاته‌وه‌ به‌ سه‌ر خه‌ڵكی شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان و ژینگه‌ی هه‌رێمی پێ پیس بێت.

له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌دا سه‌رۆكی جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی رایگه‌یاندووه‌ كه‌ ئه‌وان ده‌توانن كۆمپانیایه‌ك بدۆزنه‌وه‌ و بیهێنن بۆ هه‌رێمی كوردستان تاوه‌كو كاری ریسایكلین بكات، به‌ مه‌رجێك پرۆژه‌كه‌ ده‌ستی حیزب و گه‌نده‌ڵی تێدا نه‌بێت. هه‌روه‌ها سه‌رۆكی جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ رایگه‌یاندوه‌ كه‌ ئه‌و كۆمپانیایه‌ له‌ بری ئەوەی ماڵی پێنج هەزار دیناری لێ وه‌ربگرێت، ئه‌وا ماڵی پێنج هەزار دیناری ده‌داتێ.

به‌ پێی كه‌ڵكی ئابوری پرۆژه‌ی ریسایكلین، ساڵانه‌ هه‌رێم ده‌توانێت ١٢٠ ملیۆن دۆلاری ده‌ستبكه‌وێت، هه‌روه‌ها به‌ پێی وته‌ی سەرۆكی جولانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ گه‌ر بێت و هه‌موو ماڵێك ٥ هەزار دیناری بدرێتێ (كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان یه‌ك ملیۆن ماڵ هه‌یه‌)، ئه‌وا ده‌بێت مانگانه‌ چوار ملیۆن دۆلار بدرێت به‌ هاوڵاتییان، كه‌ ساڵانه‌ ٤٨ ملیۆن دۆلار ده‌كات. كه‌بەپێی ئەمە ئه‌گه‌ر بێت و پرۆژه‌یه‌كی ریسایكلین دابنرێت ئه‌وا جگه‌ له‌وه‌ی ده‌توانرێت ساڵانه‌ ٤٨ ملیۆن دۆلار بدرێت به‌ هاوڵاتییان، ئه‌وا ٧٢ ملیۆن دۆلاریش ده‌مێنێته‌وه‌ بۆ كۆمپانیاكه‌ وه‌ك قازانج.

به‌ڵام به‌شێك له‌ كادیران و په‌رله‌مانتارانی حیزبه‌كانی تر ره‌خنه‌یان له‌ پێشنیازه‌كه‌ی شاسوار عه‌بدولواحید گرتوه‌ و به‌ موزایه‌ده‌ ناویان بردوه‌. هه‌ندێكی تریش وەک وەلام بۆ قسەی شاسوار عەبدولواحید کە وتوێتی لە ئەوروپا لە بری بتڵی شوشە پارەت دەدەنەوە،ئەو هاوڵاتیانە ده‌ڵێن له‌ ئه‌وروپاش پاره‌ له‌ خه‌ڵك وه‌رده‌گیرێت له‌ بری فرێدانی خاشاك و ئەمەی حکموەتی هەرێم دەیکات کاریکی ئاساییە.

به‌ڵام له‌وه‌ڵامدا به‌شێكی تر له‌ هاوڵاتییان پرسیویانە كه‌ ئایا ئه‌وروپا وڵاتی نه‌وتە و سه‌رچاوه‌ی سروشتی هه‌یه‌ یاخود له‌سه‌ر باج ده‌ژی؟ ئایا له‌ ئه‌وروپا موچه‌ی هاوڵاتییان پاشه‌كه‌وت ده‌كرێت؟ ئایا له‌ ئه‌وروپا گه‌نده‌ڵی هه‌یه‌؟ ئایا له‌ ئه‌وروپا ئه‌و ماڵانه‌ی كه‌ كه‌مده‌رامه‌تن هه‌موو ئه‌و پارانه‌یان لێ ده‌سه‌ندرێت یاخود به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ سۆسیالیان ده‌درێتێ و بیمه‌ی ته‌ندروستیان بۆ دابین ده‌كرێت و خانویان پێ ده‌درێت؟ ئایا له‌ ئه‌وروپا ئه‌و پاره‌و باجه‌ له‌ خه‌ڵك ده‌سه‌نن، بۆ به‌رپرسه‌كانه‌ یاخود له‌  پێشکەوتنی وڵاتدا سه‌رف ده‌كرێت؟

شایه‌نی باسه‌ له‌ ماوه‌ی رابردودا سه‌رۆكی جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ كۆمه‌ڵێك ته‌حه‌دای ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمی كرد بۆ جێبه‌جێكردنی چه‌ند پرۆژه‌یه‌ك، كه‌ له‌ ئه‌نجامدا حكومه‌تی هه‌رێم خۆی پرۆژه‌كانی جێبه‌جێ كردو به‌مه‌ش به‌شێك له‌ هاوڵاتییان پێیان وابوو كه‌ ئه‌م شێوازه‌ی نه‌وه‌ی نوێ و سه‌رۆكی جوڵانه‌وه‌كه‌ گرتوێتیه‌ به‌ر،شێوازێكی نوێی حیزبایه‌تییه‌، كه‌به‌ وته‌ی خۆبه‌خشانی جوڵانه‌وه‌كه‌ حیزبه‌ ته‌قلیدیه‌كان پێیان ناخۆشه‌و له‌ بری ئه‌وه‌ی ئه‌وانیش پرۆژه‌ جێبه‌جێ بكه‌ن، كه‌چی دژی ئەم شێوازە کاری سیاسیە ده‌وه‌ستنه‌وه‌.