سەردێڕ:

ئەمریکا: هێرش کراوەتە سەر یەکەیەکى سەربازیمان لە سوریا

زیانى گیانى نەبووە
فۆتۆ: 
2019-11-04

8499 جار خوێندراوەتەوە

سوپاى ئەمریکا رایگەیاند، هێرش کراوەتە سەر یەکەیەکى سەربازییان لە سوریا و هیچ زیانێکى گیانى نەبووە.

فەرماندەیى ناوەندى هێزەکانى ئەمریکا بڵاویکردەوە، شەوى رابردوو کاروانێکى هێزەکانیان لە باکورى رۆژهەڵاتى سوریا کە بەرەو سنورەکانى عێراق رۆیشتوون لەلایەن هێزە چەکدارییەکانى نزیک لە تورکیاوە تۆپباران کراون.

فەرماندەى فەرماندەیی ناوەندى ئەمریکا باسى لەوەکرد، تۆپباران کردنەکە نزیکەی یەک کیلۆمەتر لە کاروانى هێزەکانى وڵاتەکەیەوە دووربووە و هیچ زیانێکى گیانى بەر هێزەکانیان نەکەوتووە.

هاوکات میدیاکانى سوریا بڵاویان کردەوە، بەهۆى تەقینەوەى بۆمبێکى چێندراو لە گوندێکى نزیک شارۆچکەى سەرێکانى چوار هاوڵاتی مەدەنى کوژراون.

دوابەدوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە باکوری سوریا لە رۆژی ٩ ی تشرینی یەکەمدا تورکیا و گروپە سوریە هاوپەیمانەکانی هێرشەکانیان بۆ سەر ئەو ناوچەیە دەستپێکرد، بەڵام لە رۆژانی رابردوودا واشنتۆن رایگەیاند، بۆ پاراستنی کێڵگە نەوتیەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بەشێک لە هێزەکانی لەو وڵاتە دەهێڵێتەوە.