سەردێڕ:

رۆژئاوای کوردستان.. لە بۆردومانێکی تورکیادا کارمەندی ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی کوژرا

بۆردومانەکانی سوپای تورکیا لە سوریا
فۆتۆ: ئاژانسەکان
2019-11-03

2788 جار خوێندراوەتەوە

بەھۆی بۆردومانەکانی سوپای تورکیا و گروپە چەکدارە ھاوشانەکانییەوە بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان-باکوری سوریا، کارمەندێکی مرۆیی ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی کوژرا.

ئاژانسی ھاوار بڵاویکردووەتەوە، ئەمرۆ ٣ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩، بەھۆی بۆردومانەکانی تورکیا و گروپە چەکدارە نزیکەکانییەوە، کارمەندێکی ڕێکخراوی (Free Burma Rangers) کوژراوە.

ھاوکات، ئاژانسەکە ئەوەشی بڵاوکردووەتەوە، شوێنی ڕووداوەکە لەنێوان گوندەکانی ڕەشیدییە و قاسمیە، لە نزیک ناحیەی تەلتەمەردا بووە.

ھەر ئەمڕۆ، سوپای تورکیا بە سەختی گوندەکانی ناوچەی شیراوا-ی نزیک عەفرین-ی تۆپباران کردووە و تا ئێستاش زیانەکانی نەزانراون.

ئێوارەی ئەمڕۆش، ناوەندی ڕاگەیاندنی ھێزەکانی سوریای دیموکرات (ھەسەدە) ڕایگەیاند، ئوتومبێلێکی سەربازیی لە جۆری (BMB)، لە نێوان گوندی جەمیلیە و مەحمودییە لە تەلتەمەر تەقاندووەتەوە و ڤیدیۆی تەقینەوەکەشیان بڵاوکردووەتەوە.

ڕێکخراوی (Free Burma Rangers)، ڕێکخراوێکی جیھانییە و ئەندامی لە زۆربەی نەتەوەکانی دونیادا ھەیە و تایبەتە بە پێشکەشکردنی فریاگوزاریی سەرەتایی و گواستنەوەی بریندارانی سەر سنور. کارمەندە کوژراوەکەی ئەمڕۆی ئەو ڕێکخراوە، بە رەگەز تایلەندییە.