سەردێڕ:

روانگەی سوری: هەسەدە هەشت گوندى لە باکوری سوریا کۆنتڕۆڵ کردەوە

فۆتۆ: 
2019-11-03

3062 جار خوێندراوەتەوە

روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ باس لەوەدەکات، شەڕڤانانی هەسەدە توانیویانە هەشت گوند لە باکوری سوریا کۆنتڕۆڵ بکەنەوە.

راشیگەیاندووە، ئەو هەشت گوندە لە شەڕەکانی مانگی رابردوودا لە لایەن تورکیا و گروپەکانى ئۆپۆزسیۆن کە هاوپەیمانى ئەنقەرەوە دەستیان بەسەرداگیرابوو.

لەلایەکی ترەوە ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، رۆژی شەممە وەفدێکی سەربازی ئەمریکی بەسەردانێکی چاوەڕواننەکراو گەیشتوەتە قامیشلۆ و بنکە و بارەگاکانی هەسەدە و هێزەکانی ئاسایشی بەسەر کردۆتەوە.

سەرچاوەیەک لە هێزەکانی سوریای دیموکرات کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت بە ئاژانسەکەی وتووە، وەفدە ئەمریکیەکە خواستی خۆیان بۆ بوونی سەربازی ئەمریکا لە قامیشلۆ دەربڕیوە و دەیانەوێت بنکەیەکی سەربازی لەو شارە بکەنەوە.

دوابەدوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە باکوری سوریا لە رۆژی ٩ ی تشرینی یەکەمدا تورکیا و گروپە سوریە هاوپەیمانەکانی هێرشەکانیان بۆ سەر ئەو ناوچەیە دەستپێکرد، بەڵام لە رۆژانی رابردوودا واشنتۆن رایگەیاند، بۆ پاراستنی کێڵگە نەوتیەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بەشێک لە هێزەکانی لەو وڵاتە دەهێڵێتەوە.