سەردێڕ:

تورکیا دەیەوێت مەزڵوم کۆبانێ دەستگیر بکات یان بیکوژێت

فۆتۆ: 
2019-11-01

14368 جار خوێندراوەتەوە

ئەنقەرە، بەشێک لە ئەولەویەتى کارەکانیان چرکردوەتەوە، بۆ گرتنی مەزڵوم کۆبانێ لە رێگەی رادەستکردنی لە لایەن ئەمریکاوە، یا کوشتنی، وەک باس دەکرێت لە رێگەی ئۆپراسیۆنی سەربازیەوە.

ناوەرۆکى پرسیار و وەڵامدانەوەی سەرۆک کۆمارى تورکیا لە کۆنفراسێکى رۆژنامەوانى دواى ئەوە هات، کە سەرۆکی تورکیا وتبووى، هەروەک چۆن ئەمریکا مافی ئەوەی هەیە کەسانی مەترسیدار بۆ سەر ئاسایشی خۆی بکوژێت کە مەبەست لێی ئەبوبەکر بەغدادییە، ئەوا ئەوانیش ئەو مافەیان هەیە کەسانی مەترسیدار بۆ سەر ئاسایشی تورکیا بکوژن، کە مەبەست لێی مەزڵوم کۆبانێیە.

لە مانگی نۆی ساڵی رابردوو، ئەنقەرە هەر یەک لە مەزڵوم کۆبانێ و ساڵح موسلمی خستوەتە لیستی سورەوە، کە لە تورکیا بە لیستی تیرۆر ناسراوە.

 بیانووى سەرەکى ئەردۆغان بۆ هێرشکردنە سەر رۆژئاواى کوردستان و دروستکردنى ناوچەى ئارام، هێنانى دوو ملیۆن ئاوارەى سوری بوو بۆ ناوچە کوردنشینەکان و گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە لە لایەکو و لە لایەکى دیکەشەوە پاراستنى ئاسایشى وڵاتەکەى بوو، بەڵام ئێستا دۆخەکە بەشێوەیەکى ترە و بەرپرسانى ئەنقەرە، بەشێک لە ئەولەویەتى کارەکانیان چرکردوەتەوە، بۆ گرتنی مەزڵوم کۆبانێ لە رێگەی رادەستکردنی لە لایەن ئەمریکاوە، یا کوشتنی، وەک باس دەکرێت لە رێگەی ئۆپراسیۆنی سەربازیەوە.

ئەم توندبوونەوە و توڕەبوونەوەی تورکیا بەرامبەر مەزڵوم کۆبانێ دوای ئەوە هات، کە ناوبراو ئەستێرەکەی گەشایەوە و وەک نوێنەری دۆسیەی کورد لە سوریا دەرکەوت و هەر دوو جەمسەری جیهانی، کە ئەمریکا و روسیان راستەوخۆ و بە ئاشکرا پەیوەندیان لەگەڵدا هەیە، بە جەنەراڵیان ناوى دەهێن و قسەى لەگەڵ دەکەن، بەشێوەیەک گەیشتوەتە ئەو ئاستەی کۆنگرێسی ئەمریکا داوا لە وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەیان بکات ڤیزە بدەنە مەزڵوم کۆبانێ بۆ ئەوەی سەردانی واشتۆن بکات، تڕەمپیش هیوای خواستووە لە نزیکترین کاتدا چاوی بە فەرماندەی هەسەدە بکەوێت.

مەزڵوم کۆبانێ توانی لە رێگەی لێدوانە میدیاییەکانەوەوە سەرنجی رای گشتی جیهان بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان رابکێشێت و پێیان بڵێت، کە تورکیا لە هەوڵی لەناوبردنی کورددایە لەو بەشەی کوردستان.

هەڵکشانی ئەستێرەی مەزڵوم کۆبانێ لە ناوخۆی سوریاش رەنگیدایەوە، ئەمەش دوای ئەوەی لە هەفتەی رابردوودا موفتی سوریا لە میانی سەردانەکەیدا بۆ قامیشلۆ داوای لەو فەرماندە کوردە کرد لە بری واشنتۆن سەردانی دیمەشق بکات.

مەزڵوم کۆبانێ گەرچی وەک ژنەڕاڵێک لە دەرەوە ناسراوە و رێزی لێدەگیرێت، بەڵام بە بێ ئەوەی هیچ ئەستێرەیەک بەسەر شانیەوە بێت سادە و ساکار دەردەکەوێت، لە دانوستاندایە لەگەڵ چەند لایەنێک بۆ دەستەبەرکردنی مافی گەلەکەی.

وەک شارەزایانى دۆخەکە دەڵێن، ئەوەى تورکیا لێی دەترسا ڕوویدا، بەوەى نەک نەیتوانى شەرڤانان وەک تیرۆریست بناسێنێت لە جیهاندا، بەڵکو بونە ئەستێرەیەکى درەوشاوە لە لاى بەشێک لە وڵاتانى ئەوروپا و ئەمریکا و ئێستا پێی دەڵێن (جێنەراڵ) و سەرۆکی ئەمریکا بە شەخسی پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەل دەکات.