سەردێڕ:

لاڤرۆڤ: نابێت کێشەی کوردەکان ببێتە هۆی نائارامی زیاتری ناوچەکە

سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕوسیا
فۆتۆ: میدیاکان
2019-11-01

9447 جار خوێندراوەتەوە

سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا، لە دیدارێکیدا لەگەڵ کەناڵی ڕوسیا٢٤ ڕایگەیاند، نابێت قەیرانی کوردەکانی سوریا ناوچەکە بەرەو وێرانکاریی و ناجێگیریی ببات، هیچ کەسێکیش نایەوێت ناوچەکە بتەقێنێتەوە.

لە باسی کوردەکاندا ئەوەشی وت، "کوردەکان جگە لە سوریا، لە ئێران، عێراق و بەشێکی زۆریشیان لە تورکیا دەژین، هیچ کەسێک نایەوێت ئەم چوار هەرێمە بتەقێنێتەوە، هیچ کەسێکیش نایەوێت وا بیر لە کوردەکان بکاتەوە کە مرۆڤی پلە دووی وڵاتەکانیان بن".

وەزیری دەرەوەی روسیا زیاتری وت، "ناکرێت کێشەی کوردەکان پشتگوێ بخرێت، دۆزی کوردەکان لەسەرو بابەتی سوریاشەوەیە".

ئەم قسانە لە سەروبەندی ژمارەیەک پێشهاتی گرنگدایە بۆ کوردەکانی ڕۆژئاوا، لەلایەک لیژنەی نوسینەوەی دەستووری سوریایەکی نوێ دەستیان بەکار کردووە و مەزڵوم کۆبانی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)ش ڕایگەیاند، ئەوان کۆڵنادەن هەتا داواکارییەکانیان لە دەستووردا نەچەسپێنن (ئەوان داوای دەستورێکی فیدراڵی دەکەن و دەیانەوێت خۆیان خۆیان بەڕێوەبەرن). لەلایەکی تریشەوە، بەشار ئەسەد، کە بەشێکی زۆری وڵاتان بە سەرۆکی سوریای نازانن، شەوی ڕابردوو ڕایگەیاندبوو، یەکپارچەیی خاکی سوریایان دەوێت