سەردێڕ:

سەربازی نوێی ئەمریکی بەرەو سوریا دەجوڵێن

ئوتومبێلێکی سەربازیی ئەمریکا لە سوریا
فۆتۆ: ئاژانسەکان
2019-10-31

11206 جار خوێندراوەتەوە

لە ڕاپۆرتێکی شیکاری گۆڤاری نیویۆرک تایمزدا، تیشک خراوەتە سەر جێنەهێشتنی سوریا لەلایەن ئەمریکاوە و ئێن ئار تی-ش پوختەی ڕاپۆرتەکەتان بۆ بڵاودەکاتەوە.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بە فەرمانی کشانەوەکەی ئەمریکا دراوە، "بەهۆی فەرمانی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سەرەتای ئەم مانگەدا و لەلایەن سەرۆک ترەمپەوە، کە ڕێگای خۆشکرد بۆ تورکیا تا هێرشبکاتە سەر سوریا و زیان بە هاوپەیمانەکانی ئەمریکا بگەیەنێت، کوردەکانی سوریا، هەموو ڕۆژێک لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریاوە، شەپۆلێک لە سەربازانی ئەمریکا ئەو وڵاتە جێدەهێڵن".

گۆڤارەکە ئەوە دەدرکێنێت کە لە هەمانکاتیشدا، شەپۆلێکی تر لە سەربازانی ئەمریکا، بە ئاراستەیەکی پێچەوانە، دەڕژێنەوە ناو سوریاوە.

باسی لە ناوچە نەوتییەکانی سوریاش کردووە، "دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ-ی سەرۆکی ئەمریکا، لەم مانگەدا فەرمانی بە گەڕانەوەی هێزێک دا بۆ پاراستنی ئەو هەرێمەی بە نەوت دەوڵەمەندە لە دەوڵەتی ئیسلامی، و هاوکات، لە تورکیا و لە روسیاش. جموجوڵی سەربازانی ئەمریکا جۆرێک لە ئاڵۆزیی پێوە دیارە و هەر پۆلە سەربازە و ئەوی دیکە تێدەپەڕێنێت".

دەربارەی ڕۆیشتنی سەربازی نوێی ئەمریکا بۆ سوریا ئەوە هاتووە، "لەم هەفتەیەدا، لانی کەم نیوەی ئەو سەربازە ئەمریکیانە لە سوریا هەبوون (١٠٠٠ سەرباز) ئەو وڵاتەیان بەجێهێشتووە، وە بەردەوامیش دەبێت هەتا تەنها ٢٥٠یان دەمێنێتەوە. ئەمانە بە زۆری لە ناوچەکانی دەیرەزوور دەبن و لە باشوری سوریاوە. لە هەمانکاتدا، چەند سەد سەربازێکی بە زویی پەیوەندی بەو ٢٥٠ سەربازە ماوەی سوریاوە دەکەن و بۆ ئەمەش لە عێراقەوە پەڕیونەتەوە سوریا، ئەو چەند سەد سەربازە نوێیە بە تانک و چەکی ئوتومبێلی سەربازیی برادلی-یەوە ڕۆیشتون".

لەلای خۆشییەوە، وەزارەتی بەرگری ڕایگەیاندووە، ژمارەی ئەو سەربازە ئەمریکییانەی ئەرکی پاراستنی بیرە نەوتەکانیان پێدەسپێردرێت بریتی دەبن لە نزیکی ٥٠٠ سەرباز. لە ئێستادا زیاتر لە ٣٠٠ سەربازیی ئەمریکا لە سوریان و بەڕۆشتنی ئەو ٥٠٠ سەربازە نوێیەش (کە ئەرکیان پاراستنی بیرە نەوتەکان دەبێت لە دەیرەزوور)، ئەوا ژمارەی سەربازانی ئەمریکا نزیک دەبێتەوە لە ٩٠٠ سەرباز. ئەوەش ژمارەیەکە کە بە ئاسانی دەکرێت زیاد بکرێن ئەگەر هاتوو دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) دەستی بە گەڕانەوە کرد.

لەم بارەیەشەوە، دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاندبوو، سەربازانی ئەمریکا لە سوریا دێنە دەرەوە، بەڵام لە ئێستادا دەمێننەوە بۆ ئەوەی چاودێری دۆخەکە بکەن و نەهێڵن هەمان کارەساتی ٢٠١٤  دووبارە ببێتەوە.