قسەکانى مباپێ و خلێفى لە کۆنفرانسەکەیاندا

PM:06:11:23/05/2022

1108 جار خوێندراوەتەوە

+ -

مباپێ بەشێک لە هۆکارى مانەوەى لە پاریس بۆ فەڕەنسا گەڕاندەوە و خلێفیش ڕەتیکردەوە مباپێ داواى پارەى زۆرى کردبێت.

لە کۆنفرانسێکى ڕۆژنامەنوسیدا تایبەت بە نوێکردنەوەى گرێبەستەکەى لەگەڵ یانەى پاریس سان جێرمان، کیلیان مباپێى فەڕەنسى ئاماژەى بەوەکرد، بڕیارەکە ئاسان نەبووە و هەر کاتێکیش پرسیارى لێکرابێت وتوویەتى بڕیارێکى ڕاست هەڵدەبژێرێت.

مباپێ دەڵێت "هەمووان دەزانن دەمویست لە کۆتایى وەرزى ڕابردوودا بڕۆم، بەڵام من فەڕەنسیم و لێرە گەورەبووم و دەمەوێت لە فەڕەنسادا بمێنمەوە، ئەمەش بەشێکە لە هۆکارى مانەوەم، هەفتەى ڕابردوو بڕیارى خۆمدا، بەڵام لەسەر قسەى یانەکەم بە هاوکارەکانم نەوت، بەڕێگەیەکى دروست قسەم لەگەڵ پێرێزى سەرۆکى ڕیاڵ مەدرید کرد و دواتر سەرنجمان خستە سەر نوێکردنەوەى گرێبەستەکە".

لە بارەى پەیوەندیکردن بە ڕیاڵ مەدریدەوە لە داهاتوودا، مباپێ ئاماژەى بەوەکرد، لە تۆپى پێدا نازانرێت چى ڕوودەدات و ئەو بیر لە ئێستا دەکاتەوە و نازانێت لە داهاتوودا چى دەبێت، بڕیارەکەشى لەبەر کەس نەبووە و تایبەت بووە بەخۆیەوە.

هاوکات ناسر خلێفى سەرۆکى یانەکەش لە کۆنفرانسەکەدا ئاشکرایکرد، بەڵێنیان بە مباپێ داوە یارىزانى نوێ بگوازنەوە، گەر گرێبەستەکەى نوێبکاتەوە و مانەوەى هێرشبەرە فەڕەنسیەکەش بۆ خولى فەڕەنسا گرنگبووە.

خلێفى دەشڵێت "مباپێ لەگەڵمان مایەوە لەبەرئەوەى دۆخێکى گونجاومان بۆ فەراهەم هێناوە، کە ئەمەش یارمەتى دەدات بۆ بەدەستهێنانى نازناوەکان.

خلێفى ڕەتیکردەوە وردەکارى گرێبەستەکە باس بکات، بەڵام دووپاتیکردەوە سەرنجیان لەسەر پارە نەبووە وەک لە ئیسپانیا باسدەکرێت، ئامانجى مباپێ پارە نەبووە و بردنەوەى نازناوەکان بووە.

گ . ف