وەزارەتی دارایی عێراق: چاوەڕێین هەرێم لیستی مووچەی مانگی چوارمان بۆ بنێرێت
چاوگێک لە وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەر بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئامادەکردنی لیستی مووچەی مانگی پێنج بە پلە بەرزکردنەوەوە بەردەوامە بە جۆرێک چەند وەزارەتێک لیستەکەیان تەواو کردووە. دەشڵێت، " پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران پارەی مووچە زیاد دەکات".
وەزارەتی دارایی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، سەرەتاى هەفتەى داهاتوو دەست بە دابەشکردنى مووچەى مانگى چوار دەکەن و چاوەڕوانى لیستى مووچەى هەرێمیش دەکەن تا یەکشەممەی داهاتوو بگاتە دەستیان. دەشڵێت، " بە گەیشتنی لیستی مووچەی مانگی چوار راستەوخۆ پارە بۆ هەرێم دەنێرین".
بەرپرسێکی بانکی ناوەندی بە دیجیتاڵ میدیایی ئێن ئاڕ تی راگەیاند، رێککەوتنەکانیان لەگەڵ جەی پی مۆرگان نرخی دۆلار سەقامگیر بەرەو سەقامگیری زیاتر دەبات ولە رۆژانی داهاتوشدا رێکارەکان بە تەواوی دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە. دەشڵێت، "بانکە سزادراوەکان تا ئێستا لە بازنەی گفتوگۆدان بەهۆی دروستنەبوونی ئەنجوومەنی چاکسازیی بانکییەوە لەم هەفتەیەدا".
وەزیری کارەبای عێراق رایگەیاند، بەمەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا گرێبەستێکی نوێ بۆ بنیاتنانی ١٨ وێستگەی نوێی وزە لەگەڵ کۆمپانیای "جەی ئی" وزەی ئەمریکی واژۆکرا. دەشڵێت، " وێستگەکان لە توانایاندا هەیە سێ هەزار مێگاوات کارەبا بەرهەمبهێنن".
وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاندووە، بەم زووانە هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێدەکاتەوە. دەشڵێت، "پڕۆسەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت لەو کێڵگانەی دەکەونە هەرێمی کوردستان کارا دەکەینەوە".
سەرۆکی دادگای فیدڕاڵی رایگەیاند، بەپێی دەستووری عێراق دەبێت مووچەی سەرجەم مووچەخۆران بەنیشتیمانی بکرێت و مووچەخۆرانی هەرێمیش دەگرێتەوە.
هەستکردن بە تەنیایی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی، خەمۆکی، کێشەی تەندروستی درێژخایەن و تەنانەت مردنی پێشوەختەی مرۆڤ زیاد دەکات.
بەشێک لە شۆفێرانی بارهەڵگر گردبوونەوە و باسیان لەوەکرد، لە بازگەکان پارتی و یەکێتی ڕێگەنادەن لەنێوان هەولێر و سلێمانی هاتوچۆ بکەن یانیش بە ناوی سۆنەرەوە پارەیان لێ وەردەگرن.
بانکی ناوەندی بۆ ئەمڕۆ، ٢٦٩ ملیۆن و ٦٢ هەزار و ٧٠١ دۆلاری خستە بازاڕەوە و لە بازاڕی دراوەکانی هەرێم، لە ئێستادا ١٠٠ دۆلار بە ١٤٧ هەزار و ٧٥٠ دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت.
بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ٨٤ سانتیمی ماوە تاوەکو بەنداوەکە سەرڕێژ ببێت. دەشڵێت، " ئەگەر ڕێژەی هاتنی ئاو وەک خۆی بێت، ئەوا لەماوەی چەند رۆژی داهاتودا بەنداوی دەربەندیخان سەرڕێژ دەبێت".
بەشێک لە خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکانی عێراق و هەرێم، دژی هاوردەکردنی هێلکەی قاچاغ لە مەرزەکانەوە گردبوونەوە. دەشڵێن، "بەهۆی هاوردەکردنی هێلکەی قاچاغەوە زیانێکی زۆرمان بەر کەوتووە".
نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی هەرێم بەراورد چەند رۆژی رابردوو دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە و نرخی هەر مسقاڵێک حەوت بۆ هەشت هەزار دینار دابەزیوە.
ئەندامێکی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاو لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، پلانیان هەیە لە سەردانەکەی سەرۆکی تورکیا بۆ عێراق رێککەوتنی ئاو لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا بکرێت.
نوسینگەی راگەیاندنی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا هاتووە، بە سەرپەرشتی راستەوخۆی سودانی، شاندی عێراق ١٩ گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە بوارەکانی دارایی و ئابووری و وزە و تەندروستیدا واژۆ کردووە.
لەسەر پرسی هەڵبژاردن و دۆخی سیاسی عێراق، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا سێ شاندی باڵای وڵاتانی روسیا و بەریتانیا و ئەڵمانیا سەردانی شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێیان کرد.
رۆژی دووشەممەی هەفتەی داهاتوو، ٢٢/٤/٢٠٢٤، وەرزی نوێی ئێن ئاڕ تی دوو بە چەندین گۆڕانکاری نوێوە دەست پێدەکات.
وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق وادەی دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی راگەیاند.
کەشناسی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ ئاسمان ساماڵ دەبێت و سبەی ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت. دەشڵێت، "پلەکانی گەرما بەرز دەبنەوە".
لە بازاڕی دراوەکانی هەرێم، لە ئێستادا ١٠٠ دۆلار بە ١٤٨ هەزار و ١٠٠ دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت و بەراورد بە دوێنێ کاتی کردنەوەی بازاڕەکان، نرخەکەی دابەزیوە.
بەهۆی بوونی کێشە لە پاترییەکانیاندا، کۆمپانیای فۆڕد زیاتر لە ٤٥٦ هەزار ئۆتۆمبێلی جۆری بڕۆنکۆ سپۆرت و ماڤریک لە بازاڕەکاندا دەکشێنێتەوە.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، شاندی عێراق ١٩ گرێبەستی لە بوارەکانی وزە و دەرماندا لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان واژۆ کرد.
بە گوێرەی بازاڕی پێنوێنی جیهانیی نەوت، لە ئێستادا یەک بەرمیل نەوتی برێنت بە ٨٧ دۆلار و ٥١ سەنت مامەڵەی پێوە دەکرێت، بەمەش بەراورد بە دوێنێ چوارشەممە، نرخەکەی دوو دۆلار دابەزیوە.
وەزارەتی بەرگری ئەمریکا رایگەیاند، ئەمریکا نایەوێت بەشێوەیەکی راستەوخۆ لەگەڵ ئێراندا بچێتە جەنگەوە و بڕیاری وەڵامدانەوەی ئێران پەیوەستە بە ئیسرائیلەوە.
پاڤێل دورۆڤ، دامەزرێنەری ئەپی نامە ناردنی تێلیگرام رایگەیاند، ژمارەی بەکارهێنەرانی تێلیگرام یەک ملیار بەکارهێنەری چالاکی مانگانە تێپەڕ دەکات.
بەشێک لە هاوڵاتیانی تەق تەق لە کۆیە لە دژی خراپی رێگەوبانەکانیان گردبوونەوە و رێگای سەرەکی شارەکەیان داخست و باس لەوە دەکەن رێگاوبانەکانیان لە دۆخێکی خراپدان و بەهۆی ئەوەی بەشێکی زۆری تانکەرە نەوتەکان بەو شارەدا تێپەڕ دەبن رێگەوبانەکان خراپتر بوون و داواش دەکەن رێگاکانیان بۆ چاک بکرێت.
وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئامادەکارییان کردووە بۆ کڕینی گەنمی جوتیاران و پێشبینیش دەکەن بۆ ئەمساڵ بەرهەمی گەنم بڕی حەوت ملیۆن تۆن تێپەڕێنێت.
بانکی نێودەوڵەتی رایگەیاند، لەنێو وڵاتە عەرەبییەکاندا لە ساڵی ٢٠٢٤ بۆ ساڵی ٢٠٢٥ عێراق زۆرترین گەشەی ئابووری دەبێت.
پزیشکێکی پسپۆڕی هەناوی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بەهۆی گۆڕانی وەرز و کەشوهەواوە لەم چەند رۆژەدا تووشبوون بە پەتا لەناو خەڵکیدا زیاتر بووە ئەو پەتایانەش هەموو ساڵێک لەم وەرزەدا بڵاو دەبنەوە.
سەرۆکی بانکی جەی پی مۆرگان رایگەیاند، بەردەوام دەبن لە پاڵپشتی عێراق بۆ گەشەپێدانی بانکە حکومی و تایبەتەکان و هەروەها ئامادەن بۆ پێشکەشکردنی شارەزایی و راهێنانی بانکی بە عێراق.
بەهۆى بارینى بارانى بەخوڕ و دروستبوونى لافاوەوە لە عومان و ئیمارات و سعودییە لافاو دروستبووە، تا ئێستا ١٧ کەس گیانیان لەدەستداوە و زیانى ماددى زۆریشى لێکەوتووەتەوە.