عومه‌ر دڵپاك: له‌به‌شی‌ سێیه‌می‌ گه‌رده‌لوول بێ‌ ئاگام

‌ 2220 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه 14/3/2011 00:25:00
گۆڕینی فۆنت

هونه‌رمه‌ند (عومه‌ر دڵپاك) له‌ به‌شی‌ سێیه‌می‌ درامای‌ (گه‌رده‌لول) بێئاگایه‌و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات كه‌ تائێستا هیچی‌ پێنه‌وتراوه‌ سه‌باره‌ت به‌به‌شداریكردنی‌ له‌و به‌شه‌ی‌ دراماكه‌دا.
دڵپاك له‌م چاوپێكه‌وتنه‌ی‌ NRT دا باس له‌ هۆكاره‌كانی‌ به‌شداری‌ نه‌كردنی‌ له‌ درامای‌ گه‌ده‌لول ده‌كات‌و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات كه‌ بێئاگایه‌ له‌ به‌شی‌ سێیه‌می‌ درامای‌ گه‌رده‌لول و هیچی‌ پێنه‌وتراوه‌ هه‌روه‌ها گله‌یی‌ هه‌یه‌ له‌ جه‌لیل زه‌نگه‌نه‌ ده‌رهێنه‌ری‌ درامای‌ گه‌رده‌لول و ده‌ڵێت "هونه‌ر په‌یوه‌ست بونه‌ به‌ ئه‌خلاقی‌ هونه‌ریه‌وه‌ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌م په‌یوه‌ستبونه‌ی‌ نه‌بێت با به‌خۆی‌ نه‌ڵێت هونه‌رمه‌ند لێره‌یشه‌وه‌ ده‌ڵێم زۆر عه‌یبه‌ بۆ جه‌لیل زه‌نگه‌نه‌ كه‌ كاری‌ پێت هه‌بێت كوڕی‌ باشیت، كاریشی‌ پێت نه‌ما ناتناسێت".
له‌ به‌شێكی‌ تری‌ قسه‌كانیدا، دڵپاكی‌ هونه‌رمه‌ند ده‌ڵێت "بڕیارمداوه‌ هه‌ر كه‌سێك داوای‌ كارم لێبكات من حسابی‌ بازرگانی‌ له‌گه‌ڵ ده‌كه‌م، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ به‌سه‌ 40 ساڵه‌ من به‌ خۆڕایی‌ كاری‌ هونه‌ری‌ ده‌كه‌م، له‌ماوه‌ی‌ ئه‌م 40 ساڵه‌دا 45 وه‌ره‌قه‌و 45 دۆلارم وه‌رگرتوه‌".
*به‌كه‌سایه‌تی‌ حاجی‌ سه‌عید له‌به‌شی‌ یه‌كه‌م و دووه‌می‌ گه‌رده‌لولدا به‌شداریت كرد، ئایا له‌ به‌شی‌ سێیه‌میشدا به‌شداری‌ ده‌كه‌یت؟
ـ به‌شی‌ سێیه‌می‌ گه‌رده‌لول هه‌یه‌؟ چونكه‌ تائێستا پێمنه‌وتراوه‌، دیارنه‌مانی‌ ئه‌و كه‌سایه‌تیه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ده‌رهێنه‌ر، كه‌ له‌ داهاتودا ده‌بێت وه‌ڵامی‌ خه‌ڵك بداته‌وه‌، چونكه‌ كه‌سایه‌تی‌ حاجی‌ سه‌عید كه‌سایه‌تیه‌كی‌ سه‌ره‌كیه‌و به‌ لابردنی‌ ده‌بێت چه‌ندین كه‌سایه‌تی‌ تر لاببرێت، ئه‌مه‌ش هه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ده‌رهێنه‌ر، تائێستاش چه‌ندین جار له‌گه‌ڵ‌ ده‌رهێنه‌ری‌ دراماكه‌ چاومان به‌یه‌ك كه‌وتوه‌و باسی‌ گه‌رده‌لولی‌ نه‌كردوه‌.

*هیچ دووبه‌ره‌كیه‌ك له‌ نێوانتاندا دروست بووه‌، كه‌ هۆكاربێت بۆ ئاگادار نه‌بونت؟
ـ نه‌خێر، به‌ڵام له‌به‌شی‌ دووه‌مدا مه‌رجی‌ تایبه‌تیم هه‌بوو بۆ به‌شداری‌ كردن، دواتر چاره‌سه‌ر كرا، به‌ڵام ئێستا خه‌ڵك لێمده‌پرسن ئایا له‌ به‌شی‌ سێیه‌م به‌شداریت، منیش له‌ وه‌ڵامدا ده‌ڵێم نازانم، چونكه‌ نازانم چیان وه‌ڵام بده‌مه‌وه‌.
*ده‌توترێت له‌سه‌ر بڕی‌ پاره‌ ڕێكنه‌كه‌وتون ئه‌مه‌ ڕاسته‌؟
ـ نه‌خێر دوره‌ له‌ راستیه‌وه‌، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا ده‌بێت كه‌ پێموترابێت، به‌ڵام پێمنه‌وتراوه‌ تا قسه‌ له‌سه‌ر پاره‌ بكه‌م، من له‌ڕێگه‌ی‌ كه‌سێكه‌وه‌ به‌ جه‌لیل زه‌نگه‌نه‌م ڕاگه‌یاند كه‌ ئه‌و ئازاده‌ چی‌ له‌ سیناریۆكه‌ ده‌كات، به‌ڵام ئه‌ده‌بیه‌ن ده‌بوایه‌ ئاگاداری‌ بكردمایه‌ كه‌ ڕۆڵم نیه‌.
*ڕاسته‌ كه‌ خۆت و خێزانه‌كه‌ت ده‌ هه‌زار دۆلارتان وه‌رگرتوه‌؟
ـ كه‌ناڵی‌ كوردسات شایه‌ته‌، له‌ به‌شی‌ یه‌كه‌مدا 11 مانگ سه‌رقاڵی‌ گه‌رده‌لول بووم 500 دۆلارم وه‌رگرتوه‌، دواتر كردیان به‌ 700 دۆلار، له‌به‌شی‌ دووه‌میشدا 12 وه‌ره‌قه‌بوو دواتر كردیان به‌ 15 وه‌ره‌قه‌، خێزانه‌كه‌یشم به‌ هه‌ردو به‌شه‌كه‌ 15 وه‌ره‌قه‌ی‌ وه‌رگرتوه‌، واته‌ دوو ساڵ من‌و خێزانه‌كه‌م كارمان له‌ درامای‌ گه‌رده‌لولدا كردوه‌ من22 ئه‌ویش 15 وه‌ره‌قه‌مان وه‌رگرتووه‌.
*پێتوایه‌ حسابێكی‌ تایبه‌ت بۆ ئه‌كته‌ره‌ به‌ ئه‌زمونه‌كان نه‌كراوه‌؟
ـ ئه‌وه‌ ده‌رهێنه‌ر ده‌زانێت، چونكه‌ ئه‌كته‌ری‌ كچ هه‌بووه‌ كه‌ یه‌كه‌م جاری‌ بووه‌ به‌شداری‌ دراما بكات، دوو ئه‌وه‌نده‌ی‌ منی‌ وه‌رگرتوه‌.
*پرۆژه‌ی‌ نوێت هه‌یه‌؟
ـ كۆمپانیای‌ خاوێ‌ فیلم په‌یوه‌ندیان پێوه‌كردم بۆ كارێكی‌ هونه‌ری‌، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ له‌ كۆمپانیای‌ نالیا كار ده‌كه‌م ده‌توانم له‌پاش كاتژمێر 4ی‌ عه‌سران كاری‌ هونه‌ری‌ بكه‌م.
*وه‌كو تیپی‌ نواندنی‌ سلێمانی‌ ئه‌مساڵ به‌شداری‌ فیستیڤاڵی‌ هونه‌ری‌ شانۆ ده‌كه‌ن؟
ـ ویستمان ئه‌مساڵیش وه‌كو ساڵانی‌ پێشوو به‌شداری‌ بكه‌ین، براده‌رێكمان راسپارد كه‌ وه‌كو ده‌رهێنه‌ر كارمان بۆ بكات، به‌ڵام زۆر به‌داخه‌وه‌ ئه‌و براده‌ره‌ ده‌ستی‌ بڕین و له‌ بری‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ بێت بۆ پرۆڤه‌ ده‌ستی‌ بڕین، ئه‌و براده‌ره‌ خۆی‌ به‌ هونه‌رمه‌ند ده‌زانێت، بۆیه‌ نه‌مانتوانی‌ به‌شداری‌ فیستیڤاڵ بكه‌ین‌و له‌ فیستیڤاڵ كشاینه‌وه‌.
*به‌ بۆچونی‌ تۆله‌ ئێستادا گرفتی‌ درامای‌ كوردی‌ چیه‌؟
ـ یه‌كه‌م لاوازی‌ سیناریۆیه‌و دووه‌م لاوازی‌ ده‌رهێنه‌ره‌، چونكه‌ ده‌بینیت كه‌سێك له‌ كارێكدا رۆڵێكی‌ لاوه‌كی‌ هه‌یه‌ پاش ماوه‌ك خۆیت لێده‌كات به‌ ده‌رهێنه‌ری‌ درامایه‌كی‌ 25 ئه‌ڵقه‌یی‌، بێئه‌وه‌ی‌ هیچ شاره‌زاییه‌كی‌ له‌ ده‌رهێنانی‌ درامادا هه‌بێت، ئه‌و ئه‌كته‌رانه‌ش كه‌ به‌ئه‌زمونن كاریان له‌گه‌ڵ ناكه‌ن، به‌ڵكو ئه‌وكه‌سانه‌ به‌شداری‌ ده‌كه‌ن كه‌ ده‌یانه‌وێت ده‌ركه‌ون، من وه‌كو خۆم كار له‌گه‌ڵ ده‌هێنه‌رێك ناكه‌م نه‌توانێت تازه‌گه‌ریه‌ك بخاته‌ سه‌ر كاره‌كانی‌ ڕابردووم. هه‌ندێك له‌ ده‌رهێنه‌ره‌كانیش تاوه‌كو براده‌ره‌كانی‌ خۆی‌ وه‌ستابێت ناگه‌ڕێت به‌دوای‌ ئه‌كته‌رێكی‌ به‌ئه‌زموندا، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ هاوڕێیه‌تی‌ و شه‌وانه‌ له‌سه‌ر مێزی‌ خواردنه‌وه‌ داده‌نیشن‌و رۆژانه‌ پیاسه‌ ده‌كه‌ن گرنگ نییه‌ به‌لایه‌وه‌ كاره‌كه‌ سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت یان نا، سێیه‌م كاتێك بته‌وێت كارێكی‌ هونه‌ری‌ بكه‌یت ته‌له‌فزیۆنه‌كان وه‌كو پێویست هاوكاریت ناكه‌ن، چونكه‌ ته‌له‌فزیۆنه‌كان له‌ڕێگه‌ی‌ په‌یوه‌ندی‌ تایبه‌ت‌و هاوڕێیه‌تیه‌وه‌ كاری‌ هونه‌ری‌ قبوڵ ده‌كه‌ن.
*بۆچی‌ هونه‌ر له‌ كوردستاندا نابێته‌ مادده‌، یان نه‌بۆته‌ سه‌رچاوه‌ی‌ بژێوی‌ بۆ هونه‌رمه‌ند؟
ـ راسته‌ هونه‌ر نه‌بووه‌ به‌ مادده‌، چونكه‌ ئێمه‌ هه‌موو شتێك به‌ موجامه‌له‌ ده‌كه‌ین، بۆ نمونه‌ له‌به‌شی‌ یه‌كه‌می‌ گه‌رده‌لولدا به‌ جه‌لیل زه‌نگه‌نه‌م وت ئێستا كاتی‌ ئه‌وه‌یه‌ حسابێكی‌ تایبه‌ت بۆ ئه‌كته‌ره‌ به‌ ئه‌زمونه‌كان بكرێت، له‌به‌رامبه‌ردا عه‌لی‌ كه‌ریم كه‌ خۆی‌ به‌ باشترین ئه‌كته‌ری‌ كوردستان ده‌زانێت‌و چه‌ندین جار خۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ وتووه‌، له‌ چاوپێكه‌وتنێكیدا ده‌ڵێت (كێن ئه‌وانه‌ی‌ كه‌ مه‌رجیان هه‌یه‌ بۆ كاری‌ هونه‌ری‌ بێجگه‌ له‌ عومه‌ر دڵپاك كه‌ مه‌رجی‌ ماددی‌ هه‌بووه‌ له‌ به‌شی‌ دووه‌می‌ گه‌رده‌لول، نه‌ك مه‌رجی‌ هونه‌ری‌‌و فكری‌)، ئه‌مه‌ هونه‌رمه‌نده‌كه‌یه‌ كه‌ وام پێده‌ڵێت، بۆیه‌ ناهه‌قی‌ خه‌ڵك ناگرم بڵێن ده‌فته‌رێكی‌ وه‌رگرتووه‌، تا ئێستا هونه‌رمه‌نده‌ به‌ ئه‌زمونه‌كانیش نازانن كه‌ هونه‌ر پیشه‌یه‌، بۆ نمونه‌ ئه‌نجلینا جولی‌ 18 كاتژمێر كاری‌ كردوه‌ له‌ دۆبلاژی‌ فیلم كارتۆنێكدا 30 ملیۆن دۆلاری‌ وه‌رگرتوه‌، من و ئه‌و ئه‌كته‌رانه‌ی‌ تریش كه‌ وه‌كو منن یه‌ك ساڵ خه‌ریكی‌ كارێك بین ئه‌گه‌ر 5 وه‌ره‌قه‌مان بده‌نێ‌ منه‌تمان به‌سه‌ردا ده‌كه‌ن.
*كه‌واته‌ پێت وانیه‌ گه‌نده‌ڵی‌ هاتبێته‌ ناو بواری‌ هونه‌ره‌وه‌؟
ـ پێش حكومه‌ت و په‌رله‌مان و حزبه‌كان، هونه‌رمه‌ند توشی‌ گه‌نده‌ڵی‌ بووه‌، چونكه‌ هه‌ر كۆمه‌ڵه‌ هونه‌رمه‌ندێك، له‌ پێناوی‌ پاراستنی‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ خۆی‌، خۆی‌ هه‌ڵواسیوه‌ به‌ حزبێكه‌وه‌، من له‌ چاوپێكه‌وتنێكی‌ ته‌له‌فزیۆنیدا وتم تكایه‌ حزبه‌كان واز له‌ هونه‌رمه‌ند بێنن با ئێوه‌ له‌ خزمه‌تی‌ هونه‌رمه‌نددا بن نه‌وه‌ك هونه‌رمه‌ند له‌ خزمه‌تی‌ حزبدا بێت، گه‌نده‌ڵی‌ هونه‌رمه‌ند خۆی‌ دروستی‌ كردوه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر من داوای‌ مافی‌ خۆم بكه‌م هه‌ر هاوڕێكه‌ی‌ خۆم له‌سه‌رم ده‌نوسێ‌، یان له‌ چایخانه‌ی‌ شه‌عب زه‌مم ئه‌كات.
*شانۆ له‌ قه‌یراندایه‌ یان شانۆكار؟
ـ شانۆ ته‌نها ته‌خته‌یه‌كه‌، كه‌واته‌ شانۆ له‌ قه‌یراندا نیه‌، به‌ڵكو شانۆكار له‌ قه‌یراندایه‌.


پڕۆفایل
هونه‌رمه‌ند عومه‌ر دڵپاك
ناوی‌ ته‌واو: عومه‌ر تۆفیق عه‌بدوڵڵا
ساڵی‌ 1945 له‌ گه‌ڕه‌كی‌ سابونكه‌رانی‌ سلێمانی‌ له‌دایكبووه‌
له‌ سه‌ره‌تای‌ ساڵه‌كانی‌ 1970وه‌ ئه‌ندامی‌ (تیپی‌ نواندنی‌ سلێمانی)ه‌
ئێستا سه‌رۆكی‌ ئه‌و تیپه‌یه‌