"زریكه‌ی كۆچ" بۆ یادی ئه‌نفال

‌ 909 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه 27/3/2013 22:57:00
گۆڕینی فۆنت

گروپی مۆسیقای بێسارانی به‌ سپۆنسه‌ری وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان، له‌ شاره‌كانی (هه‌ولێر، سلێمانی، سۆران و كه‌لار) له‌ یادی 25 ساڵه‌ی كاره‌ساتی ئه‌نفالدا، گه‌شتێكی هونه‌ری به‌ ناونیشانی "زریكه‌ی كۆچ" له‌ چه‌ند شارێكی هه‌رێمی كوردستان ساز ده‌كات.

كامه‌ران حه‌سه‌ن سه‌رپه‌رشتیاری گرووپی بێسارانی، به‌ماڵپه‌ڕی‌ (ئێن ئارتی‌) راگه‌یاند، ئه‌م گه‌شته‌ هونه‌رییه‌ كاركردێكی موزیكییه‌ له‌سه‌ر ده‌قی (ره‌نگدان)ـی شاعیر شێركۆ بێكه‌س، وتیشی "(ره‌نگدان) ده‌قێكی به‌رزی شیعری كوردییه‌ و رۆچونه‌ به‌ناو چه‌ند وێستگه‌یه‌كی مێژویی شاعیر و نه‌ته‌وه‌ی كوردا، له‌رێگه‌ی تێڕوانینه‌ خودییه‌كانی "شێركۆ"وه‌ بۆ ره‌نگ و مه‌وداكانی بینین".

روونیشی كرده‌وه‌، شیعری ره‌نگدان  ئازاره‌كانی ئه‌نفال ته‌موره‌ ده‌هێنێته‌ ژه‌نین و ره‌زمه‌كانی ده‌ف ره‌نگه‌ لم لێنیشتوه‌كانی سه‌حرا ده‌هێنێته‌وه‌ خرۆش و پێكه‌وه‌ گۆرانییه‌ك ده‌ڵێن بۆ مانه‌وه‌.

گروپی بێسارانی ساڵی 2005 دامه‌زراوه‌، زیاتر له‌ 10 كۆنسێرتیان له‌ ناوه‌ و ده‌ره‌وه‌ی كوردستان سازكردوه‌، بۆ ئه‌م كاره‌یان جگه‌ له‌ ژه‌نیارانی هه‌رێمی كوردستان، چه‌ند ژه‌نیارێك له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستانه‌وه‌ به‌شدار ده‌بن.

كامه‌ران حه‌سه‌ن ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد، خۆی كاری ئاوازدانان و دابه‌شكردن و سه‌رپه‌رشتی گروپه‌كه‌ ده‌كات و شیعره‌كان له‌ لایه‌ن هه‌ماوه‌ند لهۆنییه‌وه‌ ده‌خوێندرێن.

به‌رنامه‌ی كۆنسێرته‌كان به‌م شێوه‌ییه‌، كاتژمێر چواری ئێوارەی رۆژی 3 نیسان/ ئه‌پرێل له‌ هۆڵی كۆنفرانسه‌كان له‌ شارۆچكه‌ی سۆران، له‌ كاتژمێر چواری ئێوارەی 5 نیسان/ ئه‌پرێل له‌ هۆڵی بۆنه‌كان له‌ شارۆچكه‌ی كه‌لار، كاتژمێر پێنجی ئێوارەی 6 نیسان/ ئه‌پرێل له‌ هۆلی ته‌وار له‌ شاری سلێمانی و كاتژمێر پێنجی ئێوارەی 7 نیسان/ ئه‌پرێل له‌ هۆڵی میدیا له‌ هه‌ولێر پێشكه‌ش ده‌كرێت و هاتن بۆ هه‌مووان.

گروپی بێسارانی تا ئێستا ئه‌م كۆنسێرتانه‌ی‌ پێشكه‌ش كردووه‌، كۆنسێرتی "زایه‌ڵه‌ی ته‌موره‌" له‌ ساڵی 2008 له‌ هه‌ولێر و وهه‌ڵه‌بجه‌، كۆنسێرتێكی موزیكی له‌ ساڵی 2009 له‌ هه‌ولێر، به‌شداریكردن له‌ فیستیڤاڵی كلتوری فاس له‌ وڵاتی مه‌غریب له‌ ساڵی 2009، له‌ ساڵی 2010 دوو كۆنسێرتی جیاوازی به‌ ناوه‌كانی "نه‌وای ته‌موره‌" و "ئه‌م ماَله‌ چۆڵه‌" له‌ هه‌ولێر پێشكه‌ش كردووه‌، له‌ ساڵی 2012 له‌ فیستیڤاڵی نه‌ورۆز له‌ شاری كاركۆف له‌ پۆلۆنیا به‌شداربووه‌، ئه‌لبوومی "رێگای مه‌ستان"ـی به‌م زووانه‌ بڵاو ده‌كاته‌وه‌.