بۆ قۆپیه‌كردن په‌رده‌یه‌كی‌ گوێی له‌ده‌ستدا

‌ 4034 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه 24/6/2012 13:30:00
گۆڕینی فۆنت

سایتی‌ "كوردیو" بڵاویكرده‌وه‌ خوێندكارێك له‌شاری‌ كه‌ركوك به‌هۆی‌ به‌كاهێنانی‌ هێدفۆنی‌ تایبه‌ت كه‌ بۆ قۆپیه‌كردن به‌كارده‌هێنرێت، په‌رده‌ی‌ یه‌كه‌می‌ گوێی له‌ده‌ستداوه‌.

خوێندكاره‌كه‌ ناوی‌ (م .ب) و ته‌مه‌نی‌ 20 ساڵه‌ له‌كاتی‌ تاقیكرنه‌وه‌ی‌ نیشتیمانی‌ په‌نای‌ بۆ به‌كارهێنانی‌ هێدفۆن بردووه‌ تا له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ هۆڵی‌ تاقیكردنه‌وه‌كه‌ وه‌ڵامی‌ پرسیاره‌كانی‌ پێ بڵێنه‌وه‌، خوێندكاره‌كه‌ چاوی‌ له‌ به‌ده‌ستهێنانی‌ نمره‌ی باش بوو به‌ڵام گه‌یه‌نرایه‌ نه‌خۆشخانه‌.

خوێندكاره‌كه‌ هێدفۆنه‌ بچوكه‌كه‌ كه‌ به‌ئه‌ندازه‌ی‌ ده‌نكه‌ نیسكێك ده‌بێت له‌ گوێیدا جێگیركردبوو به‌ڵام هێدفۆنه‌كه‌ له‌گوێچه‌كه‌ی‌ گیری‌ خواردووه‌و نه‌هاتووه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ باری‌ ته‌ندروستی‌ تێكچووه‌و په‌رده‌ی‌ یه‌كه‌می‌ گوێی له‌ده‌ستداوه‌.

دوای‌ ره‌وانه‌كردنی‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌یه‌كی‌ شاره‌كه‌، له‌ڕێگه‌ی‌ نه‌شته‌رگه‌رییه‌وه‌ هێدفۆنه‌ بچوكه‌كه‌ له‌گوێچكه‌ی‌ خوێندكاره‌كه‌ ده‌رده‌هێنن و 16 ته‌قه‌ڵ له‌پشتی‌ گوێی ده‌ده‌ن.

ئه‌و ئامێره‌ی‌ كه‌ له‌لایه‌ن به‌شێك له‌ خوێندكارانه‌وه‌ بۆ قۆپیه‌كردن به‌كارده‌هێنرێت له‌ دوو پارچه‌ پێكدێت یه‌كێكیان قه‌باره‌كه‌ی‌ به‌قه‌ده‌ر ده‌نكه‌ نیسكێكه‌ و ئه‌وی‌ تری‌ له‌ مۆبایل ده‌به‌سترێ و نرخی‌ زیاتره‌ له‌ 400 $ و هێنانی‌ به‌ كرێ 100 هه‌زار دیناره‌ .

وێنه‌: خوێندكاره‌كه‌ كه‌ بۆ ده‌ركردنی‌ هێدفۆنه‌كه‌ پشته‌گوێی دوراوه‌ته‌وه‌...فۆتۆ: كوردیو