شاسوار عه‌بدولواحید: بیست ملیۆن دۆلار یان بەزۆر ئێن ئارتی‌ دادەخەن

‌ 7485 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه 13/6/2012 11:43:00
گۆڕینی فۆنت

شاسوار عه‌بدولواحید خاوه‌نی‌ كۆمپانیای‌ نالیاو ته‌له‌فزیۆنی‌ نالیا رایگه‌یاند ماوەی زیاتر لە دە رۆژە بە چەندەها شێوە پەیوەندی پێوە دەکرێت لە لایەن کەسانێکەوەو داوای‌ لێدەکەن کە کەناڵی NRT دابخات یاخود وەک کۆمپانیای نالیا پشتیوانی دارایی رابگرین بۆ کەناڵەکە.

شاسوار عه‌بدولواحید له‌ لاپه‌ڕه‌ی‌ تایبه‌تی‌ خۆی‌ له‌ تۆڕی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ فه‌یس بووك به‌ناونیشانی‌ "(20،000،000$) بیست ملیۆن دۆلار یان بەزۆر NRT دادەخەن!!!" نوسیویه‌تی‌ "هاورێیان ، ماوەی زیاتر لە دە رۆژە بە چەندەها شێوە پەیوەندیم پێوە دەکرێت لە لایەن کەسانێکەوە ، کە زۆربەیان وەک هاورێ و دۆست پەیوەندییان پێوە کردووم و داوام لێدەکەن کە کەناڵی NRT دابخەم یاخود چیتر ئێمە وەک کۆمپانیای نالیا پشتیوانی دارایی رابگرین بۆ کەناڵەکە ئەگەر نا رەنگە زۆر شتی خراپمان بەسەر بێنن نەک تەنها بەرامبەر کەناڵەکە بەڵکو بەرامبەر کۆمپانیای نالیا و بگرە خۆیشم".

رونیشیكردووه‌ته‌وه‌ "پاش ئەوەی من زۆر بە روونی بۆ ئەو کەسانەم روون کردەوە کە من زۆر بە قەناعەتەوە پشتیوانی ئەو کەناڵە دەکەم و باوەرم پێیەتی، وە پاشان ئامانجی ئێمە لە پشتیوانی ئەو کەناڵە گەیاندنی هەواڵ و زانیاری راست و دروستە بۆ هەموو هاوڵاتییان بێ هیچ جیاوازییەک و دروستکردنی کەناڵێکی ئاسمانی بێلایەنە بۆ هاووڵاتییانی هەرێمەکەمان ،وە تەکید کردنەوەمان لەوەی کە بە هیچ شێوەیەک کەناڵی NRT نە دۆستایەتی نە دژایەتی هیچ لایەنێک ناکات".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "بەڵام سەیر لەوەدا بوو پاش سێ رۆژ لە وەڵامدانەوەی یەکەمم کە هەفتەی رابردوو بوو ،کەسێک هات بۆ لام کە ناسراوە و تەنانەت لەسەر ئاستی زۆر باڵای ئەم هەرێمەش دەیناسن، هەمان قسەکانی پێشووی ئەو چەند کەسەی بۆ دووبارە کردمەوە، وە منیش بەهەمان شێوە قسەکانی خۆم کردەوە کە دەستبەرداری پشتیوانی کەناڵەکە نابم، بەڵام دواتر پێی ووتم ئەی بۆچی کەناڵەکەم پێنافرۆشیتەوە؟؟ وتی چەندی تێچووە؟ وتم زیاد له‌ 10 ملیۆن دۆلاری تێچووە، پاشان ئەو وتی ئێمە ئەتوانین 20 ملیۆن دۆلارت بدەینێ و واز لە کەناڵەکە بهێنە و پێمان بفرۆشە، ئەو کات نە تووشی کێشە ئەبیت و بگرە قازانجیش ئەکەیت، منیش پێم راگەیاند کە کەناڵەکە نافرۆشم و خۆیشم بۆ فرۆشتن نیم ، من ئەگەر بیرم لە پارە بکردایەتەوە ئەوا چیم یابوو لەم کەناڵە ؟؟بۆخۆی خەریکی پارە پەیاکردن ئەبووم ، پاشان ئێستا کەناڵی حیزبی هەیە لە قۆناغەکانی دامەزراندنیەتی و پەیوەندیان بە زۆربەی کارمەندانی NRT یەوە کردووە و مووچەیەکی زۆر خەیاڵیان داونەتێ کە هەمدێک جار گەیشتۆتە 10 هێندەی مووچەکانیان لە NRT کە مانگی لێرە نزیکەی 300 بۆ 400 دۆلاریان هەیە، بەڵام ئەو کارمەندانە سەرباری بژێوی ژییانیان ئامادە نەبوون کەناڵەکە جێبهێڵن، ئیتر من چۆن ئەو کارمەندانە ئەفرۆشم؟؟".

له‌كۆتایی نوسینه‌كه‌یدا جه‌خت له‌وه‌ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌و گوێ بەو جۆرە هەرەشە و تەنانەت بەرژەوەندی و بەرتیلانە نادات و ئەوانەش کە ئەو جۆرە قسانە دەکەن و هەرەشە دەنێرن "پێیان دەڵێم کە من بێ منەتم و لەسەر کاری خۆمان بەردەوامین و چییان لەدەست دێت با بیکەن، دیارە ئەم کەناڵە بۆتە گرێ لەسەر دڵی زۆر کەس و لایەن و دەزانن کە بە هیچ رێکەوتنێکی ژێر بە ژێر دەستبەرداری پیشە ئەخلاقییەکەی خۆی نابێت کە گەیاندنی راستییە بە هاوڵاتییان".


ده‌قی‌ بابه‌ته‌كه‌:

(20،000،000$) بیست ملیۆن دۆلار یان بەزۆر NRT دادەخەن!!!

هاورێیان ، ماوەی زیاتر لە دە رۆژە بە چەندەها شێوە پەیوەندیم پێوە دەکرێت لە لایەن کەسانێکەوە ، کە زۆربەیان وەک هاورێ و دۆست پەیوەندییان پێوە کردووم و داوام لێدەکەن کە کەناڵی NRT دابخەم یاخود چیتر ئێمە وەک کۆمپانیای نالیا پشتیوانی دارایی رابگرین بۆ کەناڵەکە ئەگەر نا رەنگە زۆر شتی خراپمان بەسەر بێنن نەک تەنها بەرامبەر کەناڵەکە بەڵکو بەرامبەر کۆمپانیای نالیا و بگرە خۆیشم.

پاش ئەوەی من زۆر بە روونی بۆ ئەو کەسانەم روون کردەوە کە من زۆر بە قەناعەتەوە پشتیوانی ئەو کەناڵە دەکەم و باوەرم پێیەتی، وە پاشان ئامانجی ئێمە لە پشتیوانی ئەو کەناڵە گەیاندنی هەواڵ و زانیاری راست و دروستە بۆ هەموو هاوڵاتییان بێ هیچ جیاوازییەک و دروستکردنی کەناڵێکی ئاسمانی بێلایەنە بۆ هاووڵاتییانی هەرێمەکەمان ،وە تەکید کردنەوەمان لەوەی کە بە هیچ شێوەیەک کەناڵی NRT نە دۆستایەتی نە دژایەتی هیچ لایەنێک ناکات.

بەڵام سەیر لەوەدا بوو پاش سێ رۆژ لە وەڵامدانەوەی یەکەمم کە هەفتەی رابردوو بوو ،کەسێک هات بۆ لام کە ناسراوە و تەنانەت لەسەر ئاستی زۆر باڵای ئەم هەرێمەش دەیناسن، هەمان قسەکانی پێشووی ئەو چەند کەسەی بۆ دووبارە کردمەوە، وە منیش بەهەمان شێوە قسەکانی خۆم کردەوە کە دەستبەرداری پشتیوانی کەناڵەکە نابم، بەڵام دواتر پێی ووتم ئەی بۆچی کەناڵەکەم پێنافرۆشیتەوە؟؟ وتی چەندی تێچووە؟ وتم زیاد له‌ 10 ملیۆن دۆلاری تێچووە، پاشان ئەو وتی ئێمە ئەتوانین 20 ملیۆن دۆلارت بدەینێ و واز لە کەناڵەکە بهێنە و پێمان بفرۆشە، ئەو کات نە تووشی کێشە ئەبیت و بگرە قازانجیش ئەکەیت، منیش پێم راگەیاند کە کەناڵەکە نافرۆشم و خۆیشم بۆ فرۆشتن نیم ، من ئەگەر بیرم لە پارە بکردایەتەوە ئەوا چیم یابوو لەم کەناڵە ؟؟بۆخۆی خەریکی پارە پەیاکردن ئەبووم ، پاشان ئێستا کەناڵی حیزبی هەیە لە قۆناغەکانی دامەزراندنیەتی و پەیوەندیان بە زۆربەی کارمەندانی NRT یەوە کردووە و مووچەیەکی زۆر خەیاڵیان داونەتێ کە هەمدێک جار گەیشتۆتە 10 هێندەی مووچەکانیان لە NRT کە مانگی لێرە نزیکەی 300 بۆ 400 دۆلاریان هەیە، بەڵام ئەو کارمەندانە سەرباری بژێوی ژییانیان ئامادە نەبوون کەناڵەکە جێبهێڵن، ئیتر من چۆن ئەو کارمەندانە ئەفرۆشم؟؟

لە کۆتاییدا ووتی هەر کات رات گۆریی ئاگادارم کەرەوە ،بۆیە لە کۆتاییدا وویستم کە هەموو لایەک لەم گفتوگۆ و دانیشتنانەی 10 رۆژی رابردوو ئاگادار بن ، بەو پێیەی چیتر ئەو کەناڵە موڵکی تاکە کەسێک نییە بەڵکو پێم وابێت بۆتە موڵکی هەموو هاووڵاتییانی کوردستان، دڵنیاتان ئەکەمەوە کە من گوێ بەو جۆرە هەرەشە و تەنانەت بەرژەوەندی و بەرتیلانە نادەم و ئەوانەش کە ئەم جۆرە قسانە دەکەن و هەرەشە دەنێرن پێیان دەڵێم کە من بێ منەتم و لەسەر کاری خۆمان بەردەوامین و چییان لەدەست دێت با بیکەن، دیارە ئەم کەناڵە بۆتە گرێ لەسەر دڵی زۆر کەس و لایەن و دەزانن کە بە هیچ رێکەوتنێکی ژێر بە ژێر دەستبەرداری پیشە ئەخلاقییەکەی خۆی نابێت کە گەیاندنی راستییە بە هاوڵاتییان.