پێشمەرگەیەكی دێرین: لە ساڵانی شەستەكاندا پارتی ویستی قانعی شاعیرو كوڕەكانی لە كوردستان دەربكات

‌ 2016 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه 10/5/2012 21:45:00
گۆڕینی فۆنت

پێشمەرگەیەكی دێرین، لەیاداشتەكانیدا ئاشكرایدەكات لەسەرەتای شەستەكانی سەدەی رابردوودا، پارتی دیموكراتی كوردستان بریاریداوە كە قانعی شاعیر‌و دوو كوڕی بەناوەكانی بورهان‌و وریا ناچاربكات كوردستان بەجێبهێڵن، بەڵام دواتر بریارەكەی هەڵوەشاندۆتەوە.

لالۆ عەبدولڕەحمان پێنجوێنی، لە یاداشتەكەیدا كەبەناوی "نیو سەدە بۆ نیشتمانە"،  لەدوتوێی 752 لاپەڕەدا چەند رۆژێكە چاپیكردووە، روونیدەكاتەوە ئەو بڕیارەی پارتی، لەوەوە هاتبوو كە قانع لەنوسینێكدا رەخنەی لەچەند لێپرسراوێكی پارتی گرتووە.

ئەو پێشمەرگەیە ئاماژە بەوەدەكات كە پاشان چووەتە لای بەرپرسێكی باڵای پارتی ئەو كات بەناوی عەبدولڕەحمان سەید عەلی‌و پێیوتووە كە مامۆستا قانع‌و كوڕەكانی، ئەو و سەدان گەنجی ئەم وڵاتەیان فێری كوردایەتیی كردوە.

هەروەها دەنوسێت "پێم وتووە كە ئەو هەوێنی شۆڕشە‌و پیاوێكی زۆر خۆشەویستی ناو جەماوەرە، بۆیە ئەو بڕیارە زۆر خراپە‌و  بەجێبەجێكردنی جەماوەر لەدژمان خۆپیشاندان ئەكەن، بۆیە داواتان لێئەكەم بڕیارەكە هەڵبوەشێننەوە".

هەر لەدرێژەی یاداشتەكەیدا، سەبارەت بە بڕیارەكەی پارتی دیموكراتی كوردستان بە دەركردنی قانع‌و كوڕەكانی لەكوردستان، لالۆ عەبدولرەحمان، دەنوسێت قسەكانم كاری كردە سەر ئەو بەرپرسە باڵایە‌و ئەویش بروسكەی بۆ فەرماندەی هێز (عەلی عەسكەری) كرد‌و داوایلێكرد هەوڵ بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارە بدات‌و پاش ماوەیەكیش لەهەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكە ئاگاداری كردمەوە.