نوری مالیكی بۆ (ئێن ئاڕ تی): كۆبوونەوەكەی هەولێر گەلەكۆمە بوو

‌ 2610 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه 10/5/2012 18:56:00
گۆڕینی فۆنت

نوری مالیكی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، لەیەكەم چاوپێكەوتنیدا بۆ تەلەفزیۆنێكی كوردی، كۆبوونەوەكەی كۆتایی مانگی رابردووی هەولێر بە گەلەكۆمە ناودەبات‌و جەختیشلەوەدەكاتەوە زۆرترین ئەو كێشانەی روبەرووی عێراق دەبنەوە، ناكۆكیەكانییەتی لەگەڵ هەرێم.

لە چاوپێكەوتنێكدا، كە ئەمڕۆ پێنجشەممە كەناڵی (ئێن ئاڕ تی) لەگەل نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی عێراقدا لەشاری بەغدا ئەنجامیداوەو بەم نزیكانە پەخش دەكرێت؛ مالیكی باس لە كێشەكانی نێوان بەغداو هەرێم‌و سەردانەكەی ئەم دواییەی هەرێم دەكات كە بووە مایەی نیگەرانی لایەنی كوردی.

سەرۆكوەزیرانی عێراق لە كۆبونەوەكەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق كە رۆژی سێشەممە لە كەركوك سازیكرد، وتی كەركوك ناسنامەی عێراقییە‌و ئەمەش هەرێمی كوردستانی نیگەران كرد.

مالكی لەو بارەیەوە وتی كە مەبەستی لە "ناسنامەی عێراقی" ئەوە بووە كە كەركوك شاری هەموو پێكهاتەكانە لە نێوان عەرەب و كورد و توركمان و پێكهاتەكانی تردا.

سەبارەت بە كێشەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا مالیكی وتی "زۆرترین كێشەكانی ئێستا كە تووشی عێراق بووە، ئەو كێشانەن كە لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستاندا لە ئارادایە".

گرژییەكانی ئەم دواییەی لایەنە ناكۆكەكانی عێراق لە لایەك‌و كێشەكانی بەغداو هەرێم لە لایەكی تر؛ پێنج لایەنی عێراقی لە هەولێر كۆكردەوە كە تێیدا مۆڵەتی 15 رۆژیان دایە مالكی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان.

سەبارەت بەو كۆبوونەوەیە كە هەریەكە لە تاڵەبانی‌و بارزانی‌و موقتەدا سەدرو ئوسامە نوجێفی‌و عەلاوی تێیدا بەشداربوون؛ مالیكی وتی "هەندێك لەو كەسانەی كە لە كۆبونەوەكەی ئەم دوایەیی هەولێردا بەشدارییان كرد، ویستیان جۆرە بە ئامانجگرتن و گەلەكۆمەكییەك لەسەر كەسێكی دیاریكراو دروست بكەن" كە مەبەستی مالیكیش  لەو كەسە خودی خۆی بوو.

لەبەشێكی چاوپێكەوتنەكەیدا داوای ئەنجامدانی كۆبونەوەی نیشتیمانی لایەنەكانی عێراق دەكات، تاوەكو لە ڕێیەوە هەموو كێشەكان باس بكرێت و بەپێی دەستوریش چارەسەر بكرێن.

وتیشی "یەكێتی عێراق لەرێگەی هاوپەیمانی نێوان لایەنەكانی عێراقەوە دەكرێت؛ نەك لە ڕێی هاوپەیمانیكردن لەگەڵ كەس و لایەنی تردا".

لە بەشێكی تری چاوپێكەوتنەكەیدا لەگەڵ( ئێن ئاڕ تی) سەرۆك وەزیرانی عێراق قسە لەسەر پەیوەندییەكانی عێراق و توركیا دەكات و دەڵێت كە هیچ كێشەیەكیان لەگەڵ توركیادا نیی و نایانەوێت دوژمنایەتی توركیا بكەن، چونكە وڵاتێكی دراوسێیەو بەرژەوەندی هاوبەشیان لەگەڵدا هەیە.

هەوەها وتی "كۆمپانیاكانی توركیاش هەموو دەرگایەك بە ڕویاندا كراوەیە بەبێ هیچ رێگرییەك تاوەكو لە عێراقدا كار بكەن".

مالیكی جەختیش لەوە دەكاتەوە، كە  نایانەوێت دوژمنایەتی و دوبەرەكی لەگەڵ  توركیاو ئێران وسعودیەو ئەمریكاو هیچ وڵاتێكی تری دنیادا بكەن.