پەیامنێری ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، ئەفسەرێکی هێزی تایبەتی ١ی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەرووداوێکی هاتوچۆدا لەسەر رێگای رووڤیا-بەردەڕەش گیانی لەدەستدا.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی، ئەفسەرەکە ناوی "هۆشەنگ جاسم ئەحمەد"ە و پلەی سەربازییەکەی نەقیبە، ئەفسەرە لە هێزی تایبەتی ١ی سەرۆکی هەرێمی کوردستان.
هەر بە گوێرەی زانیارییەکانی کەریم
کەیفی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لەسۆران، رووداوەکە ئەمشەو لەسەر رێگای رووڤیا-بەردەڕەش
روویداوە و لەئەنجامی رووداوەکەشدا، ئەفسەرەکە گیانی لەدەستداوە.
بەگوێرەی ئامارەکانی هاتوچۆی هەرێمی
کوردستان، لە حەوت مانگی سەرەتای ئەمساڵدا دوو هەزار و ٢٨٧ رووداوی هاتوچۆ روویانداوە،
کە تیایدا ٣١٦ کەس گیانیان لەدەستداوە و سێ هەزار و ٩٩١ کەسیش برینداربوون.
رووداوەکانی هاتوچۆ بە یەکێک لە هۆکارە
سەرەکییەکانی گیان لەدەستدان و برینداربوون یان کەمئەندامبوون دادەنرێت لە هەرێم،
کە بەشێکی پەیوەندی بە خراپی رێگاوبان و کوالێتی رێگاوبانەکانەوە هەیە و بەشێکیشیان
پەیوەندی بە پابەندنەبوونی شۆفێران بە خێرایی دیارکراو و رێنماییەکانی هاتوچۆوە هەیە.