سەردێڕ:

لاهور جەنگی: داوا لە کەسوکاری شەهیدەکان دەکەم دانبەخۆیاندا بگرن و هیچ پەرچەکردارێک نەنوێنن

PM:09:10:26/11/2021

57596 جار خوێندراوەتەوە

لاهور جەنگی پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردووەتەوە تایبەت بە دۆخی ئەم دوواییانەی ناو یەکێتی و کوژرانی فەرماندەیەکی یەکێتی و دوو پاسەوانی لە شەوی رابردوودا و و دەڵێت، "داوا لە کەسوکار و بنەماڵەی شەهیدەکان دەکەم دانبەخۆیاندا بگرن و هیچ پەرچەکردارێک نەنوێنن تا ئەوکاتەی دڵنیادەبنەوە کە لێکۆڵینەوە ناکرێت و یاسا لەم کەیسەدا پشتگوێ دەخرێت"، دەشڵێت، "توانامان هەیە دەرگای دۆزەخ بەسەر نەیارەکانماندا بکەینەوە و لەناو ئاگرەکەیدا هەموو سیناریۆچییەکان و کودەتاچییەکان هەڵپڕوکێنین."


لاهور جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردووەتەوە و تیاییدا باس لە دۆخی ئەم دوواییانەی یەکێتی و هۆکاری دانبەخۆدا گرتن و نەبوونی پەرچەکرداریان دەکات. هاوکات، باس لە رووداوی کوشتنی فەرماندەیەکی یەکێتی و دوو پاسەوانی دەکات، کە شەوی رابردوو لە شاری رانیە کوژران.

لاهور جەنگی لە پەیامەکەیدا باس لەوەدەکات، "نەوەکانی پێش ئێمە، یەکێتییان بۆ ئەوە دامەزراند ستەمی سیاسی لەسەر گەلی کورد لە کوردستاندا نەمێنێت، کەچی ئێستا ئیرادەی خەڵکی کوردستان لە رەهەندی سیاسی و ئابورییەوە لە پێناو ئەجندای ئیقلیمی ئەوەندە زەلیل کراوە، زۆرینەی ڕەهای خەڵکی کوردستان خۆزگە بۆ سەردەمی دیکتاتۆرەکانی پێشوو دەخوازن."

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "وابڕیار بوو مانفێستی سۆشیال دیموکراتی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی پەیڕەو بکەین لە کوردستان، کەچی لەبری ئەو مانفێستە بەرنامەی تیرۆر و تیرۆرکردنی خەڵکی کوردستان بووەتە ئەجندای ئەم (یەکێتییە نوێیەی) کە لەلایەن نەیارە سیاسییەکانمانەوە تەحەکومی پێوە دەکرێت. ڕۆژانە کادیرە هەرە پێشکەوتوو سەربازی و سیاسییەکانی خۆی دەستگیر و تیرۆر دەکات، باشە پێم ناڵێن لە کوێی مێژووی حزبایەتیدا لە سەرتاسەری ئەم جیهانەدا ڕوویداوە کە حزبێکی سۆشیال دیموکرات بە پیلان و پیلانگێڕی، لە پێناو ئەجندای ئیقلیمی و حزبی تردا، کادیری خۆی تیرۆر بکات."

لاهور جەنگی هۆکاری نەبوونی پەرچەکرداری سەربازیان لە رووداوەکانی چەند مانگی رابردووی یەکێتیدا بۆ پاراستنی "هەیبەتی شەهیدەکانیان و قیادەی سیاسی و حزبیان" دەگەڕێنێتەوە و رایدەگەیەنێت بۆئەوەی، "شار و شارۆچکەکانی کوردستان نەبن بە مەیدانی تەراتێنی سەربازی و ئەمنی بۆ نەیارەکانی ئەم جوگرافیایە"، باسی لەوەشكردووە، "بەڵام ئەمە بەو مانایە نایەت ئەم دانبەخۆداگرتنە تا سەر درێژە پێبدەین و قبووڵی بکەین کە ڕۆژانە بە بەرچاومانەوە هەڤاڵانی یەکێتیی وەحشیانە تیرۆر بکرێن."

لاهور جەنگی لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە، "توانای ئەوەمان هەیە دەرگای دۆزەخ بەسەر نەیارەکانماندا بکەینەوە و لەناو ئاگرەکەیدا هەموو سیناریۆچییەکان و کودەتاچییەکان هەڵپڕوکێنین و بە تووڕەیی جەماوەری یەکێتیی و جەماوەری کوردستان بە شەرعیەتی کۆنگرە و بە شەرعیەتی جەماوەری و حەقانیەتی سیاسی ئاگر لەسەر پشتی ئەو خوێنڕێژانە بکەینەوە کە بەرنامە داڕێژەری شەهیدکردنی هەڤاڵ موراد و هاوڕێکانی بوون."

وەک ئامۆژگارییەکیش داوا لە هێزە ئەمنییەکان دەکات، "خۆیان دوور بگرن لەو جۆرە تاوانانە، چونکە هەر کەسێک تاوانی کوشتن و تیرۆرکردنی خەڵکی لە ئەستۆ بگرێت لە هەر پلە و پۆستێکی حزبی و حکومیدا بێت، بە تایبەت لە تیرۆرکردنەوە تێوەگلابێت ئەوا باجەکەی لە ڕووی قانونییەوە زۆر قورس دەبێت و سزاکەی مەرگی ڕاستەقینەی عەدالەت دەبێت.ڕێگە بە خۆتان مەدەن بەکار بهێنرێن و پیلانی گڵاوی نەیارانی یەکێتیی و وڵاتانی ئیقلیمتان پێ جێبەجێ بکرێت."

هاوسەرۆکی یەکێتی رایگەیاندووە، "ئەم دۆخە دەگەڕێتەوە بۆ جێگەی خۆی و ڕووداوەکان بە زەبری شەرعیەتی سیاسی و پاڵپشت بە زەبری هێزە سەربازیی و ئەمنییەکانی ناو یەکێتیی و ئیرادەی پۆڵایینی خەڵکی کوردستان، پیلانی ئینقیلابچییەکان و سیناریۆی ژەهرخواردنەکان تێک دەشکێندرێت."

بە سەرکردایەتی یەکێتیش دەڵێت، "لە ژێر تاقیکردنەوەیەکی قورس و مێژوویی دان، چونکە بە بەرچاوی ئەوانەوە و بە پشتیوانی لایەنێکی نەیار کە دەزگای حکومیشیان خستووەتەگەڕ بۆ پاڵپشتی و جێبەجێکردنی پیلانەکان و توانەوەی یەکێتی"، ئەوەشی خستووەتەڕوو، "لە مێژوودا حزبەکە قۆناغی وای بەخۆیەوە نەبینیوە."

ئەمە لەکاتێکدایە، ئێوارەی دوێنێ لە رانیە مورد کانی کوردەیی فەرماندە لە ناو ریزەکانی یەکێتی درایە بەر دەسترێژی گولـلە و لە ئەنجامدا خۆی و دوو پاسەوانی کوژران و پاسەوانێکی دیکەشی برینداربوو.

دوابەدوای رووداوەکەی شەوی رابردوو، ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوەکرد، "سەرلەئێوارەی ئەمڕۆ ٢٥ی ١١ی ٢٠٢١ ھێزێکی فەرمی بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری دادگا و سەروەریی یاسا بۆ دەستگیرکردنی داواکراو (موراد کانی کوردەیی) لە شاری رانیە بەشێوەیەکی مەدەنی و یاسایی ئەرکی دەستگیرکردنی ناوبراویان پێسپێردرا".

موراد کانی کوردەیی فەرماندەیەکی نزیک لە لاھورجەنگی بووە و بەڕێوەبەری پۆلیسی نەھێشتنی تاوانی راپەڕین بووە و چەند رۆژێک بووە لە پۆستەکەی لادراوە و گواستراوەتەوە بەشی لێکۆڵینەوە ی پۆلیسی راپەڕین.

لەو بارەیەشەوە بنەماڵەکەی راگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە و ئاماژەیان بەوەکرد، "موراد بە برینداری لە لایەن چەکدارەکانەوە رفێندراوە و دوای شەش کاتژمێر پەیوەندی بە کەس و کارەکەیەوە کراوە و پێیان وتوون برۆن تەرمەکەی لە پزیشکی دادی لە شاری سلێمانی وەرگرنەوە، دوای وەرگرتنەوەی تەرمەکەی و توێکاری پزیشکی، دەرکەوتووە فیشەک بەرقاچی کەتووە و نەمردووە، بەڵکو دوای قۆڵبەستکردنی بە برینداری بردوویانە و دواتر لەژێر ئەشکەنجەدانێکی زۆر گیانی سپاردووە."

دەشڵێن، "بەپێی راپۆرتی زارەکی پزیشکی دادی کە لە کۆیە دووبارە بۆی ئەنجام درایەوە، دەرکەوتووە، شوێنی لێدانی کارەبا لەسەر دڵی و شوێنی چەقۆ و برینەکانی سەر جەستەی بەتایبەت بە پشت و ملیەوە و ھەڵواسینی ھەردوو دەستی بە روونی دەرکەوتووە کە لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانی سپاردووە".

بنەماڵەکەی موراد هەڕەشەی تۆڵەکردنەوە دەکەن و دەڵێن، پرسە بۆ کوڕەکەیان دانانێن.

کێشەی نێوان هاوسەرکانی یەکێتی بۆ ٨ی تەمموز دەگەڕێتەوە و هیشتا چارەسەر نەبووە بافڵ تاڵەبانیش لەسەرەتادا داوای دەکرد لاهور جەنگی بچێتە دەرەوەی وڵات.

لە دوای شەوی ٨ی تەمموزەوە، بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی هەردوو دەزگای زانیاری و دژەتیرۆری گۆڕی و دواتر لاهور جەنگی بە چەند بابەتێک تۆمەتبار کرد. کێشەکان گەیشتنە ئەو شوێنەی میدیای فەرمی یەکێتی لاهور جەنگی بە هاوسەرۆک ناونەدەبرد و لاهور جەنگیش دەستبەرداری پۆستی سەرۆکی هاوپەیمانێتییەکەی نێوان یەکێتی و گۆڕان بوو کە بۆ هەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی عێراق لە مانگی تشرینی یەکەمدا پێکەوە بەشدار بوون و قوباد تاڵەبانی بە سەرۆکی هاوپەیمانێتییەکە دانرا.

هـ.ئـ

 













گەلەری