سەردێڕ:

دوو زانکۆی دیکەی هەرێم بڕیاری پشوویان راگەیاند

PM:07:42:26/11/2021

33476 جار خوێندراوەتەوە

لێپرسراوی ھۆبەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئەنجومەنی زانکۆکەیان بڕیاریداوە بەوەی تاوەکو ١ی ١٢ دەوام لە زانکۆکەدا رابگرن، سەرچاوەیەکیش لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانییەوە بۆ ئێن ئاڕ تی باسی لەوەکرد، بڕیاری چوار رۆژ پشوو زانکۆکەی ئەوانیش دەگرێتەوە و کەمێکی دیکە راگەیاندراویان دەبێت.


یۆهان عوسمان حەمە لێپرسراوی ھۆبەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بەپێ ئەو دەسەڵاتەی پێیاندراوە ئەنجومەنی زانکۆ بریاریدا بە درێژکردنەوەی پشووی خوێندن لە زانکۆکە بۆ ماوەی چوار رۆژی دیکە و تاوەکو ١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١ لە زانکۆی سلێمانیدا پشوو دەبێت.

 

وتیشی، کەمێکی دیکە راگەیاندراوی فەرمی لەوبارەیەوە بڵاودەکەنەوە.

لەو بارەیەشەوە سەرچاوەیەک لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانییەوە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، کە پشووی چوار رۆژە ئەوانیش دەگرێتەوە و هەر ئەمشەو بە راگەیاندراوی فەرمی بڵاویدەکەنەوە.

هەر ئەمشەو ئەنجومەنی زانکۆی هەڵەبجەش بریاری چوار رۆژ پشووی لە زانکۆکەدا راگەیاند.

ئەوەش تەنها دوای چەند خولەکێک لە بڵاوکردنەوەی هەواڵێکی ئێن ئاڕ تی بوو لەسەر ئەو بابەتە، کە ئاشکرایکردبوو، ئەنجومەنی زانکۆی سلێمانی لە کۆبوونەوەدان بۆ تاوتوێکردنی راگەیاندنی پشوویەکی چوار رۆژیی لە زانکۆ و پەیمانگاکانی سنوری پارێزگاکە.

ماوەى شەش رۆژە خوێندکارانى زانکۆ و پەیمانگاکان بۆ داواکردنى پێدانى دەرماڵە گردبوونەوە و خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن و لە یەکەم رۆژیشدا بۆ بڵاوەپێکردنى خوێندکاران هێزە ئەمنییەکان دارى کارەبایى و گازى فرمێسکڕێژیان بەکارهێنا و بەو هۆیەوە چەند خوێندکارێک بریندار بوون.

لە دووەم رۆژیشدا، هێزە ئەمنییەکان نەک تەنها گازی فرمێسک رێژ، بەڵکو تەقەیان بەسەر خوێندکارانیشدا کرد لە سلێمانی و لە دهۆکیش بە زەبری هێز بڵاوە بە خۆپیشاندەران کرا.

ئەو خوێندکارانە باس لەوەدەکەن، دۆخ و باری ئابوریان سەختە و دەبێت حکومەت بەدەم داواکانیانەوە بچێت و دەرماڵەکانیان بۆ بگەڕێنێتەوە.

لە ساڵانی رابردوودا، چەندین خوێندکار هەبوون بەهۆی سەختی دۆخی ئابورییەوە وازیان لە خوێندن هێناوە، یان رێگای ئەوروپایان گرتووەتەبەر، یانیش ساڵێکی خوێندنیان کردووەتە مۆڵەت و کاریان کردووە، یانیش کەم خوێندکار هەیە لەگەڵ خوێندنەکەیدا کاری نەکردبێت.

خوێندکاران سورن لەسەر داواکارییەکانیان، سەرەڕای ئەوەی دوو رۆژ پشوو راگەیاندرا، بەڵام خوێندکاران باسیان لەوەکرد، کە ئەوە مانای ئەوە ناگەیەنێت ئەوان خۆپیشاندان ئەنجام نەدەن.

٢٤ی ئەم مانگەش، سەرەڕای ئەوەی خۆپیشاندانی زانکۆی سلێمانی هێمنانە بوو و خوێندکاران دانیشتبوون بەڵام هێزە ئەمنییەکان گازی فرمێسک رێژیان هەڵدایە ناو خوێندکاران و راویان نان بەهۆیەوە دۆخی تەندروستی بەشێکی خوێندکاران تێکچوو و دیمەنی ناو زانکۆی سلێمانی لە ئێستادا پڕە لە دوکەڵی گازی فرمێسک رێژ.

لە ساڵی ٢٠١٤ـەوە دەرماڵەی خوێندکارانی هەرێم لە زانکۆ و پەیمانگاکاندا بڕاوە، کە پێشتر بۆ خوێندکارانی ناوشار بڕی ٤٠ هەزار دینار و بۆ خوێندکارانی بەشە ناوخۆیی بڕی ٦٠ هەزار دینار و بۆ خوێندکارانی دەرەوەی شار کە بەشەناوخۆییان نەبوو بڕی ١٠٠ هەزار دیناریان پێدەدرا، کە وەک خوێندکارانی ئەوکاتە باسیان دەکرد، ئەو بڕە پارەیە لانی کەم کرێی هاتوچۆی لەسەر ئاسان دەکردن.

گۆران لوقمان، سلێمانی

هـ.ئـ

 













گەلەری