سەردێڕ:

ئێن ئاڕ تی زانیاری لەبارەی راگەیاندنی پشووی دیکە بۆ زانکۆ و پەیمانگاکان ئاشکرا دەکات

PM:07:06:26/11/2021

27164 جار خوێندراوەتەوە

پاش ئەوەی بەهۆی خۆپیشاندانی خوێندکارانەوە بۆماوەی دوو رۆژ دەوامی خوێندن لەسەرجەم زانکۆ و پەیمانگاکانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە راگیرا، کەمێک پێش ئێستا چاوگێک لە ئەنجومەنی زانکۆی سلێمانییەوە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، "رەنگە چوار رۆژی دیکە پشوو رابگەیەنرێت".


کەمێک پێش ئێستا، چاوگێک لە ئەنجومەنی زانکۆی سلێمانی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، "لە ئێستادا ئەنجومەنی زانکۆی سلێمانی بە ئۆنلاین لەکۆبوونەوەدایە، بڕیارە ئەمشەو بڕیاری یەکلاکەرەوە لەبارەی راگەیاندنی چوار رۆژی دیکە پشووی دەوامی زانکۆ و پەیمانگاکانی سنووری سلێمانی بدرێت".

ئەو چاوگە لە ئەنجومەنی زانکۆی سلێمانییەوە ئاماژەی بەوەشکرد، "بەگوێرەی پێشبینییەکان، ئەمشەو بە رێژەی ٪٩٠ بڕیاری چوار رۆژی دیکە پشووی دەوامی خوێندنی زانکۆ و پەیمانگاکانی سنووری پارێزگای سلێمانی دەردەکرێت".

تایبەت بەو پرسەش، ئێن ئاڕ تی پەیوەندیکرد بە رەزا حەسەن سەرۆکی زانکۆی سلێمانی و ناوبراو رایگەیاند، "هێشتا بڕیارمان لەوبارەیەوە نەداوە، ئەمشەو تایبەت بەو پرسە کۆدەبینەوە و بڕیاری کۆتایی دەدەین". وتیشی، "لەکاتژمێرەکانی داهاتوودا، بڕیارەکە رادەگەیەنین چی دەبێت."

ماوەى شەش رۆژە خوێندکارانى زانکۆ و پەیمانگاکان بۆ داواکردنى پێدانى دەرماڵە گردبوونەوە و خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن و لە یەکەم رۆژیشدا بۆ بڵاوەپێکردنى خوێندکاران هێزە ئەمنییەکان دارى کارەبایى و گازى فرمێسکڕێژیان بەکارهێنا و بەو هۆیەوە چەند خوێندکارێک بریندار بوون.

لە دووەمرۆژیشدا، هێزە ئەمنییەکان نەک تەنها گازی فرمێسک رێژ، بەڵکو تەقەیان بەسەر خوێندکارانیشدا کرد لە سلێمانی و لە دهۆکیش بە زەبری هێز بڵاوە بە خۆپیشاندەران کرا.

ئەو خوێندکارانە باس لەوەدەکەن، دۆخ و باری ئابوریان سەختە و دەبێت حکومەت بەدەم داواکانیانەوە بچێت و دەرماڵەکانیان بۆ بگەڕێنێتەوە.

لە ساڵانی رابردوودا، چەندین خوێندکار هەبوون بەهۆی سەختی دۆخی ئابورییەوە وازیان لە خوێندن هێناوە، یان رێگای ئەوروپایان گرتووەتەبەر، یانیش ساڵێکی خوێندنیان کردووەتە مۆڵەت و کاریان کردووە، یانیش کەم خوێندکار هەیە لەگەڵ خوێندنەکەیدا کاری نەکردبێت.

خوێندکاران سورن لەسەر داواکارییەکانیان، سەرەڕای ئەوەی دوو رۆژ پشوو راگەیاندرا، بەڵام خوێندکاران باسیان لەوەکرد، کە ئەوە مانای ئەوە ناگەیەنێت ئەوان خۆپیشاندان ئەنجام نەدەن.

٢٤ی ئەم مانگەش، سەرەڕای ئەوەی خۆپیشاندانی زانکۆی سلێمانی هێمنانە بوو و خوێندکاران دانیشتبوون بەڵام هێزە ئەمنییەکان گازی فرمێسک رێژیان هەڵدایە ناو خوێندکاران و راویان نان بەهۆیەوە دۆخی تەندروستی بەشێکی خوێندکاران تێکچوو و دیمەنی ناو زانکۆی سلێمانی لە ئێستادا پڕە لە دوکەڵی گازی فرمێسک رێژ.

لە ساڵی ٢٠١٤ـەوە دەرماڵەی خوێندکارانی هەرێم لە زانکۆ و پەیمانگاکاندا بڕاوە، کە پێشتر بۆ خوێندکارانی ناوشار بڕی ٤٠ هەزار دینار و بۆ خوێندکارانی بەشە ناوخۆیی بڕی ٦٠ هەزار دینار و بۆ خوێندکارانی دەرەوەی شار کە بەشەناوخۆییان نەبوو بڕی ١٠٠ هەزار دیناریان پێدەدرا، کە وەک خوێندکارانی ئەوکاتە باسیان دەکرد، ئەو بڕە پارەیە لانی کەم کرێی هاتوچۆی لەسەر ئاسان دەکردن.

گۆران لوقمان، سلێمانی

نـ.غـ

هـ.ئـ













گەلەری