سەردێڕ:

منداڵێک لەناو دەریای ئیجە لە دایک بوو

PM:05:54:02/07/2022

5060 جار خوێندراوەتەوە

فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراق رایگەیاند، ژنێکی کامیرۆنی دووگیان لەدوای گەیشتنی بە کەناراوەکانی یۆنان لەلایەن پۆلیسی ئێشکگری دەریایی ئەو وڵاتەوە دیپۆرتکرایەوە و پێش گەیشتنەوەشی بە کەناراوەکانی تورکیا منداڵەکەی لەدایکبوو. دەشڵێت، "لە ئێستادا تەندروستی دایک و منداڵەکەش جێگیرە".


ئەمڕۆ شەممە، فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردوەتەوە، دوێنێ هەینی لەناوچەی دیدیم ٢٨ پەنابەر رزگارکران کە پێشتر گەیشتبوونە دورگەکانی یۆنان و لەلایەن پۆلیسی ئێشکگری دەریایی یۆنانەوە دەستگیرکرابوون.

ئاماژەی بەوەشداوە، لەناو پەنابەرەکاندا ژنێکی دووگیانی تێدابووە بەناوی "هاڤول کاپتا" کە خەڵکی کامیرۆن بووە.

راگەیەنراوەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، هەرچەندە پەنابەرەکان داوایان لەپۆلیسی ئێشکگری دەریایی یۆنان کردووە کە ئەو خانمە لەسات و وەختی ئەوەدایە منداڵەکەی لەدایک ببێت، بەڵام بێ گوێدانە ئەو بارودۆخە سەرجەم پەنابەرەکانیان بەهەمان بەلەم دیپۆرتی سنوری دەریایی تورکیا کردووەتەوە.

ئەوەشی ئاشکراکردووە، ئەو خانمە لەکاتی دیپۆرتکردنەوەیان لەناوەڕاستی دەریایی ئیجەدا بەهاوکاری پەنابەرەکانی تر منداڵەکەی لەدایکبووە، دوای ئەوەی دەگەنە سنوری دەریایی تورکیا لەلایەن پۆلیسی ئێشکگری دەریایی تورکیاوە رزگارکراون و ئەوخانمە و منداڵە تازە لەدایک بووەکەیان گەیاندوەتە نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە ژنان و منداڵان و خراونەتە ژێر چاودێری پزیشکییەوە.

هەر بەگوێرەی راگەیەنراوەکەی فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراق، تەندروستی دایکەکە و منداڵەکەش لەئێستادا زۆر باشە و منداڵەکەش ناونرا "جۆڤێل کافتا".













گەلەری