سەردێڕ:

بەشیر حەداد: پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق بەبێ سەدر شەش مانگ بەردەوام دەبێت

PM:01:58:02/07/2022

2724 جار خوێندراوەتەوە

جێگری پێشوی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند:"پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق بەبێ سەدر شەش مانگ بەردەوام دەبێت".


بەشیر حەداد جێگری پێشوی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەکاتی بەشداریکردنی لەناڤینی ئێن ئاڕ تی رایگەیاند:"لایەنە سیاسییەکانی عێراق ویستیان هەمان سیناریۆی حکومەتەکانی تری عێراق دوبارە بکەنەوە و رێگەیان نەدا ئەو لایەنەی زۆرترین دەنگی هێنابوو لەگەڵ هاوپەیمانەکانی حکومەتی زۆرینە پێکبهێنێت".

ئەوەشیخستەڕوو، پرۆسەی سیاسیی عێراق لە دوای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ساڵی ٢٠٢١ ەوە چەقبەستووی پێوە دیارە و ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنە بە هەند وەرنەگیراو و کاری پینەکراوە و جێبەجی نەکراوە .

دەربارەی کشانەوەی رەوتی سەدریش وتی:"ئەگەر تا کشانەوەی رەوتی سەدر چەقبەستووییەک هەبووبێت ئەوا لە دوای کشانەوەی ئەو فڕاکسیۆنە چەقبەستوویەکە زیاتر بووە و پێکهێنانی حکومەت زۆر ئەستەمتر و زەحمتتر بووە و هەر حکومەتێکیش بێ سەدر پێکبهێندرێت سەرکەوتوو نابێت و تەمەنی لە شەش مانگ زیاتر نابێت".

بەپێی زانیارییەکانی حەداد، زۆربەی رایەکان لەگەڵ ئەوەیە هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجامبدرێت و پەرلەمان هەڵبوەشێتەوە.

دەربارەی بەشداری لایەنەکانیش پێیوایە، چوارچێوەی هەماهەنگی ناتوانێت لەگەڵ لایەنەکانی تر رێکبکەوێت و بەڵێنیان پێبدات لە حکومەتی داهاتوودا مافەکانیان پارێزراو دەبێت، بۆیە پێیوایە "ئەم حکومەتە یان پێکنایەت یان تەمەنی زۆر کورتە".

لەبارەی بۆچی پێویستە هەڵبژاردنی پێشوەختە بکرێت، وتی:"ئەگەر حکومەتێک لە لایەن شیعەوە پێک نەیەت و شیعەکان رێکنەکەون پێکەوە ئەو حکومەتە سەرکەوتوو نابێت تەنانەت ئەگەر چوارچێوەی هەماهەنگیش بکشایەتەوە سەدر نەی دەتوانی بە تەنها حکومەت پێکبهێنێت چونکە هەردوو ئەو لایەنە شیعەیە خاوەنی هێزی شەقام و هێزی چەکدارن".

دەربارەی هۆکاری کشانەوەی سەدریش د.ەشیر حەداد وتی:" رەنگە کشانەوەکەی سەدر ئامانج لێی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بێت، چونکە ئاسایی نیە سەدر ٧٣ کوسی پەرلەمانی عێراق بۆ نەیارەکانی بەجێبێڵێت و رێگە بدات ئەوان حکومەت پێکبهێنن".

ئەوەشیخستەڕوو:"سەدریەکان لە دوای تێپەڕاندنی یاسای ئاسایشی خواراک و خستنە بەردەستی نزیکەی ٢٦ ترلیۆن دینار بۆ حکومەت کشانەوە بۆیە سەدر دەیانەوێت یان ببنە ئۆپۆزسیۆنی شەقام یان پلانی تریان هەیە".













گەلەری