سەردێڕ:

هێمن هەورامی هۆکاری ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا ئاشکرا دەکات

PM:12:52:02/07/2022

7236 جار خوێندراوەتەوە

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، سەرباری هەموو ئەو هەوڵانەی بۆ نزیکبوونەوەی لایەنەکان لە یەکتر دراوە، ئەنجامێکی ئەوتۆ بەدەستنەهاتووە. دەشڵێت، "ئەگەر هەموو لایەنەکانیش رێکبکەون، ناتوانرێت هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بەڕێوەبچێت."


ئەمڕۆ شەممە، هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا ئاماژەی بەوەدا، "هەڵبژاردن بۆ حیزبە سیاسییەکان دەکرێت و حیزبەکانیش جیاوازیی بۆچوونیان لەسەر یاسای هەڵبژاردن و کۆمیسیۆن و شێوازی بازنەکان هەیە."

ئەوەشی خستەڕوو، "پەرلەمان نایەوێت ببێتە هۆی تێکدانی دۆخی سیاسیی کوردستان، پەرلەمان رەهەندە سیاسییەکە رەچاو دەکات و تەنیا رەهەندە یاساییەکەی دەگرێتەبەر."

هێمن هەورامی باسی لەوەشکرد، لە ٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١ـەوە پەرلەمان هەموو هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە و چەندین مانگیش زنجیرەیەک دانیشتنی لەگەڵ سەرۆکفراکسیۆنەکان ئەنجامداوە بۆ ئەوەی لەنێو پەرلەمان هەوڵبدەن لایەنە سیاسی و یاساییەکەی بگەیەننە ئەنجام، بەڵام لەنێو پەرلەماندا نەتوانرا ئەو ئەو کارە بکرێت.

ئاماژەی بەوەشدا، "لەگەڵ سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و لە رێگەی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ حیزبە سیاسییەکان و بە کۆبوونەوە لەگەڵ مەکتەبی سیاسییەکان، هەوڵدرا بە بەشداری نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لێکنزیکبوونەوەیەکی سیاسی دروستبێت بۆ ئەوەی بتوانین لێکنزیکبوونەوە یاساییەکەش مسۆگەربکەین."

راشیگەیاند، "راستە دانیشتن هەبووە، بەڵام لێکنزیکبوونەوەیەکی سیاسیی ئەوتۆ کە ببێتە هۆی ئەوەی هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت، نەهاتووەتە دی؛ ئەوە عەیبەیەکی گەورەیە بۆ هەموو حیزبە سیاسییەکان و سەرجەم فراکسیۆنەکان و خەڵکی کوردستانیش بەوەی کە نەتوانین هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکەین."

هێمن هەورامی لەبارەی ئەوەی تا ئێستا لایەنەکان لەسەر چ خاڵیک رێککەوتوون دەڵیت، "لێکنزیکبوونەوەیەک هەیە لەسەر ئەوەی ئەم هەڵبژاردنە تا بتوانرێت شەفاف بێت و بۆ ئەوەش تۆمارێک بەکاربهێندرێت کە زۆربەی هەرە زۆری بەشدارانی سیاسیی متمانەی پێبکەن، ئەویش تۆماری بایۆمەتری دەنگدەرانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقە کە لە مانگی ١٠ساڵی ٢٠٢١ ئەنجامدراوە."

جیگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی پرسی پێکهاتەکانەوە رایگەیاند، "لە سەرۆکایەتیی پەرلەمان پێمانوایە پرسی پێکهاتەکان دەبێ خۆیان بریاری لەسەربدەن کە نوێنەرایەتییان چۆن دەوێت؛ ئایا دەیانەوێ نوێنەریان کەمبکرێتەوە؟ کوردستان یەک بازنەبێت بۆ نوێنەرایەتییەکەیان یان دەیانەوێ دابەشبکرێن بەسەر بازنەی پارێزگاکاندا؟ تا ئێستا ئەو بابەتەش یەکلا نەکراوەتەوە."

باسی لەوەشکرد، بابەتی هەڵبژاردن بە زۆرینە و کەمینە ناکرێت، بەڵکو پێویستی بە جۆرێک لێتێگەیشتنە بۆیە ئەگەر چەند مانگێک هەڵبژاردن دوابکەوێت و هەمووان تێیدا بەشداربن و کوردستان بە قەوارەیەکی یەکگرتوو بمێنێتەوە، زۆر باشترە لەوەی پەلە لە هەڵبژاردن بکرێت و لە کاتێکی کەمدا ئەنجامبدرێت و بەهۆیەوە کوردستان دابەشبکرێت.

لەبارەی کاتی هەڵبژاردنەکانیشەوە، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ئەوەی خستەڕوو "بە دوری دەزانم هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بەڕێوەبچێت و ئەگەر هەموو حیزبەکان لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن رێکبکەون، بڕوا ناکەم لە رووی تەکنیکییەوە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بتوانێ لە کاتی خۆیدا هەڵبژاردنەکان بەڕێوە ببات."

ئەويش لە کاتێکدایە، بڕیاربوو ئەمساڵ لە سەرەتای مانگی ١٠دا هەڵبژاردن بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی رێکنەکەوتنی لایەنەکان لەسەر یاسای کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان و کاراکردنەوەی کۆمسیۆن، پێشبینی دەکرێت وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دوابخرێت.













گەلەری