سەردێڕ:

هەڵبژاردنی پێشوەختە لە کوردستان چارەسەرە؟

5/21/2020 12:29:04 AM
9413 جار خوێندراوەتەوە
رێبین سەلام
+ -

ھەروەک دەزانن دەستنیشانکردنی ھۆکاری ھەر کێشەیەک ھەنگاوێکی زۆر گرنگ و پێویستە بەر لەوەی باس لە چارەسەر بکرێت، جا ئەو کێشەیە سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابوری، تەندروستی یان ھەر جۆرە کێشەیەکی دیکە بێت، نەفامیە پزیشکێک بەر لە دەستنیشانکردنی نەخۆشیەک ھەر لە خۆیەوە بەر بێتە دەرمان نوسین.

ئەم بۆچوونە بۆ ناونیشانەکەی سەریشەوە ھەر راستە، چونکە ھەندێک برادەری (تاریکبیر) نەک (رۆشنبیر) دەڵێن ھەڵبژاردنی پێشوەختە چارەسەرە، بۆیە دەڵێین ئەوانە نا رۆشنبیرن ھەقی وایە کەس ھین بە کڵاویان نەپێوێت، چونکە بەبێ تەماشاکردنی ھۆکارەکانی ئەم دۆخەی کوردستان ودەستنیشانکردنیان، وەک توتی و بەبەغا ئەم دەستەواژەیە دەڵێنەوە و لاسایی یەکدی دەکەنەوە، یاخود ئەڵقە لە گوێی ئەم و ئەون و قەڵەم و دەمیان چەورکراوە، کە ھەردوکی ھەڵەیە و دەمیان داخەن باشترە، لەبەر ئەوەی بەر لە باسکردنی ھەڵبژاردنی پێشوەختە ئایا ئەم پرسیارانەیان لە خۆیان کردووە:

١-بە ھەڵبژاردنی پێشوەختە لە کوردستان، نرخی نەوت بەرز دەبێتەوە لە جیھاندا؟

٢-بە ھەڵبژاردنی پێشوەختە لە کوردستان، کۆرۆنا لە جیھاندا نامێنێت؟

٣-بە ھەڵبژاردنی پێشوەختە لە کوردستان، (٤٥) ملیار دۆلاری عەجزی میزانیەی عێراق پڕ دەبێتەوە؟ 

٤-بە ھەڵبژاردنی پێشوەختە لە کوردستان، دوو سەرۆکەکە و دوو فاقیەکەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەبنەوە بە یەک؟

٥-بە ھەڵبژاردنی پێشوەختە لە کوردستان، داعش لە ناو دەچێت و دەوەستێت لە سوتاندنی دەغڵ و دانمان؟

٦-بە ھەڵبژاردنی پێشوەختە لە کوردستان، بە عەرەبکردنی کەرکوک دەوەستێت و ئەو کەرکوکەی بە خیانەتێکی پیس و چەپەڵ لە ١٦ی ئۆکتۆبەر تەسلیمیان کرد، دەماندەنەوە؟

٧-بە ھەڵبژاردنی پێشوەختە لە کوردستان، ململانێی نێوان ئێران و ئەمریکا دەوەستێت؟

٨-بە ھەڵبژاردنی پێشوەختە لە کوردستان، بەغدا موچە و شایستە داراییەکانمان بۆ دەنێرێت؟

٩-بە ھەڵبژاردنی پێشوەختە لە کوردستان گەندەڵی لە عێراق چارەسەر دەکرێت و رەتڵە شەحنی ئوتومبێل لە بەندەری فاو بە ناوی حەبی پاراستۆڵەوە ئاودیو ناکرێت، تاوەکو ئێمەش بە خاترجەمی داھاتی گومرگەکانیان بدەینێ؟

١٠-بە ھەڵبژاردنی پێشوەختە لە کوردستان، ئەو بیرەنەوتانەی مافیاکانی سلێمانی دەستیان بەسەردا گرتووە و تاڵان فرۆشی دەکەن، دەیگەڕێننەوە بۆ وەزارەتی سامانە سروشتیەکان؟

١١-بە ھەڵبژاردنی پێشوەختە لە کوردستان، دەوڵەمەندە فاڵسۆکانی کوردستان قەرزەکانی حکومەت دەدەنەوە؟

١٢-بە ھەڵبژاردنی پێشوەختەی کوردستان، پێکھێنەرانی حکومەتی ھەرێم لە خۆشی و ناخۆشی لەگەڵیدا دەمێننەوە و دەوەستن لە موزایەدەیەکی پڕوپوچ کە خودی خۆشیان سودیان لێ نەدی لە کابینەکەی پێشوودا، بەڵکو تەنھا پارتیان پێ گەورەتر کرد لە ٣٨ەوە بوو بە ٤٥ کورسی پەرلەمان.

 ئەگەر بە ھەڵبژاردنی پێشوەختە، ئەمانە روو دەدات، لە جێی ئێوە بم ئەگەر یەکەم کەس نەبم بڵێم:

"ھەڵبژاردنی پێشوەختە لە کوردستان چارەسەرە"