سەردێڕ:

یادی یەکەمین هەڵبژاردن و شکۆکەی سەرۆک پەرلەمان

5/19/2020 4:36:35 PM
7220 جار خوێندراوەتەوە
ئاسۆ حاجى
+ -

ئەمڕۆ یادی بیست و ھەشت ساڵەی یەکەمین دەنگدانی دیموکراسی و ئازادانە لە ھەرێمی کوردستانە، ئەو ھەڵبژاردنەی پەڕلەمان و حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە دەرئەنجامیدا دروستبوون، وەک دوو دامەزراوەی یاسایی و نیشتیمانی نوێنەرایەتی ئیرادە و خواست و مافەکانی گەلی کوردستان دەکەن.

بەداخەوە پەڕلەمانی کوردستان بەھۆی ھەڵوێستێکی حیزبیانەی سەرۆکی پەڕلەمان ئەو دامەزراوەیە خەریکە دەکەوێتە ژێر پرسیارێکی گەورە و تاقیکردنەوەیەکی جدی لەوەی ئایا دەکرێ دامەزراوەی پەڕلەمان بکرێتە قوربانی بەرژەوەندییە شەخسی و حیزبیرکانی کەسێک یان لایەنێک؟ سەرۆکی پەڕلەمان کە دەبوایە لە باڵەخانەی پەڕلەمان شانازی ئەو رۆژەی لەگەڵ خەڵکی کوردستان بەشبکردایە.

سەرۆکی پەڕلەمان دەبوایە لە کاتی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی حیزبەکەی و پێشی ئەویش بەشداریکردنی جێگری سەرۆکی حکومەت لە ھەمان کۆبوونەوە، لەوە تێبگات کە ئەو تەنیا لە ناو ھۆڵی پەڕلەمان رێز لێگیراوە و لە سەرەوەی ھەموویان دادەنیشێ ئەگەر وەک سەرۆکی پەڕلەمان ھەڵسوکەوت بکا و بڕیاربدا و ھەڵوێست وەربگرێ، بەڵام ئەگەر حیزبیانە بڕیاربدا ئەوە شوێنی دیارە وەک لە کۆبوونەوەکەی مەکتەبی سیاسی ھاوسەرۆکەکەی خواری خوارەوەی پێ رەوا بینیبوو، لە کاتێکدا لە رووی پرۆتۆکۆڵیەوە دەبوایە لە سەری سەرەوە بوایە بە ھەمان شێوە بۆ کاک قوبادیش ئەوە راستە.

پێشتر لە گوتارێک باسمکرد، کە سەرۆکی ئێستای پەرلەمان بۆ ڕازیکردنی لاھور جەنگی ھاوسەرۆکی و سەنگەر گواستنەوە لە باڵی کۆسرەتەوە بۆ باڵی ئەو کەسەی کە کاک کۆسرەت پاش خیانەتی شازدەی ئۆکتۆبەر بە کاڵفام ناویبرد، بێ وەفایی بۆ کۆسرەت کە پێداگیریکرد رێواز سەرۆکی پەرلەمان بێت و بۆ زامنکردنی یاریەکی کرد، کە گوایە شاڵاوی کوڕی کاندیدە بۆ جێگری سەرۆکی حکومەت تا باڵی ماڵی تاڵەبانی رازیبن بۆ پێگەکەی قوباد ھەموو شت قبوڵ بکەن و لە جێی بێگەرد تاڵەبانی پۆستی سەرۆک پەرلەمان بدەنە رێواز.

دوای ئەوەی لاھور شکستی ھێنا لەوەی نەیتوانی بەر بە زۆرینەی پەرلەمان بگرێت و پارێزبەندی سۆران عومەر ھەڵگیرا، بە رێوازیان گوتووە تا کۆبوونەوەی ھەردوو مەکتەب سیاسی دەکرێت جارێ پێمان باش نییە دانیشتنی پەرلەمان بکرێت، کەواتە سەرۆکی پەرلەمان کە باس لە گەڕاندنەوەی شکۆی پەرلەمان دەکات مەبەستی ئیعازێکە پاش کۆبوونەوەی ھەردوو مەکتەب سیاسی بۆی دێت و لێرەوە باشتر وابوو کە رێواز بڵێ شکۆی خۆم شکاوە و چاوەڕرێی بریاڕی حیزبم، نەک بڵێت دانیشتن نابێت، ئێستا رێواز خان پەڕلەمانی وەک بارمتە رادەستی ھاوسەرۆکەکەی کردووە تا وەک کارتی فشار بەکاری بێنێ و بیکاتە یاریەکی سیاسی و لە قاوغە یاساییەکەی کە خۆی دەیبێنێ.

باشە دکتۆر رێواز بیری لەوە کردۆتەوە کە بڕیاردان بۆ دانیشتنی پەڕلەمان دەبێت لە بەر مەبنای بەرنامەی کار بێت و بە گوێرەی پەیڕەی ناوخۆی پەڕلەمان بێت، ئایا دەزانێ لە ماددەی ١٦ی پەیڕەو ھاتووە کە دانانی بەرنامەی کار دەسەڵاتی دەستەی سەرۆکایەتیە نەک سەرۆکی پەرلەمان، دیارە دکتۆر رێواز ھیچ کات بەبێ رەزامەندی جێگر و سکرتێر ناتوانێ بەرنامەی کار دابنێت و بەرنامەی کاریش نەبێت ناتوانێ دانیشتن رابگەیەنێت.

ئەوەی لە ماددەی ھەژدە لە پەیڕەوی ناوخۆدا ھاتوە بڕگەی سێیەم، دەستنیشانکردنی کاتی ئەنجامدانی دانیشتنەکانی پەرلەمان، دەسەڵاتێکی (کاشفە) بە زمانی یاسا نەک (مونشیئ)، واتە دەبێت پێشتر دەستەی سەرۆکایەتی کۆبوونەوەی کردبێ و لەسەر بەرنامەی کار رێککەوتبن ئینجا کاتی دانیشتن دیاری دەکرێت، لەمەوە دەردەکەوێ کە دکتۆر رێواز خۆی باش دەزانی بێ پارتی ناتوانێ یەک دانیشتن رابگەیەنێت.

گریمان رێوازخان دانیشتنی راگەیاند و بەرنامەی کاریش ھەبوو، بەپێی ماددەی پێنجەم بڕگەی یەکەم/ دانیشتنی پەرلەمان بە ئامادەبوونی زۆرینەی رەھا واتە ٥٦ ئەندام دەبێ، ئایا د. رێواز دەزانێت ئەگەر ھەر دانیشتن و بەرنامەیەک رەزامەندی پارتی و فراکسیۆنەکەی نەبێ، ھیچ دانیشتنێک نیسابی نابێت و بەمەش رێواز خان باش دەزانێ بێ پارتی یەک شتی لە کاری پەرلەمانی پێناکرێت.

لەو رۆژانە پۆستێکی خاتوو جوان رۆژبەیانی سەرۆکی لێژنەی ناوچە کوردستانیەکانی پەرلەمانم دیت کە یاداشتی لێژنەکەیان و ئیمزای سەرجەم فراکسێۆنەکانی لەسەر بوو، کە داوای دانیشتنی تایبەت بە پەرلەمان دەکەن دەربارەی بارودۆخی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم (جێناکۆکەکان)، بەڵام دیارە سەرۆکی پەرلەمان نایەوێت جارێ تا مەکتەب سیاسی کۆ نەبێتەوە، رێگای پێنادرێ ئەرکی خۆی وەک سەرۆک پەرلەمان جێبەجێ بکات، یان رەنگە بزانێ کە باسی سوتاندنی دەغڵودانی کورد لە کەرکوک و دەوروبەر بکرێت بە دڵنیایەوە باسەکە سەر دەکێشێ بۆ بەرئەنجامی ١٦ی ئۆکتۆبەر و ئیحراجی بۆ ھاوسەرۆکی رێوازخان دروستدەبێت، بۆیە ناوێرێ ئەو دانیشتنە بکرێ.