سەردێڕ:

وەزارەتی دارایی عێراق ئەو کەسانەی کەمکردنەوەی موچە دەیانگرێتەوە ئاشکرادەکات

وەزیری دارایی عێراق: موچەی سەرو ٥٠٠ هەزار کەمکردنەوە دەیگرێتەوە
فۆتۆ: 
2020-05-23

142812 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند، ئەو کەسانەی موچەیان لە سەرو ٥٠٠ هەزار دینارەوەیە بە رێژەیەک کەمکردنەوەی موچە دەیانگرێتەوە. دەشڵێت، "رێژەی موچەی فەرمانبەرانی عێراق، بارگرانی بۆ بودجەی وڵات دروستکردووە و پێویستی بە کەمکردنەوەیە."

عەلی عەلاوی، وەزیری دارایی عێراق لە چاوپێکەتنێکیدا لەگەڵ میدیای فەڕمی وڵاتەکەیدا رایگەیاند، ئەو فەرمانبەرانەی موچەیان ٥٠٠ هەزار یان خوارترە لەگەڵ خانەنشینان، کەمکردنەوەی موچە نایانگرێتەوە.

باسی لەوەشکرد، لەم دۆخە ئابورییەی ئێستادا، زۆری رێژەی موچەی فەرمانبەرانی عێراق، بە تایبەتی پلەباڵاکان، فشارێکی زۆری خستووەتە سەر بودجەی عێراق، هەربۆیە پێویستی بە کەمکردنەوە هەیە.

راشیگەیاند، کەمکردنەوەی موچە ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە موچەکانیان لەسەرو ٥٠٠ هەزارەوەیە و بەپێی بەرزی موچەکەی، بە رێژەیەک لێی کەمدەکرێتەوە.

پێشتر، لیژنەی پێداچوونەوەی بودجەی عێراق پێشنیازی کەمکردنەوەی دەرماڵەی فەرمانبەرانی بۆ سەرۆک وەزیرانی پێشووی وڵاتەکە کردبوو بە جۆرێک بۆ فەرمانبەری ئاسایی ٥٠% و بۆ پلەباڵاکانیش ٧٥%ی دەرماڵەکانیان کەمبکرێتەوە.

بەهۆی دابەزینی بەرچاوی نرخی نەوتەوە، عێراق روبەروی دۆخێکی دارایی سەخت بووەتەوە و بەرپرسانی دارایی ئەو وڵاتە باس لەوەدەکەن، کە پێشتر مانگانە حەوت ترلیۆن و ٥٠٠ ملیۆن دیناریان دەسکەوتووە، بەڵام لە ئێستادا کەمتر لە دوو ترلیۆن دینار دەستدەکەوێت و بەوەش، گرفت بۆ بودجەی وڵات دروستبووە.